سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەی لەگەڵ پارێزگارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و سەرپەرشتیارانی ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین بڕیاردرا گرفتی كورتهێنانی مووچە نەهێڵدرێت و ئەم مانگە مووچە بە تەواوی لە هەموو پارێزگاكاندا دابەش بكرێت."
ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەكی تایبەت بە پرسی داهات، خەرجییەكان، كورتهێنانی مووچە و گرفتە داراییەكانی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین بە سەرۆكایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو.
سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندوە "ئەم مانگە بەبێ داهاتی ناوخۆ و تەنیا بە داهاتی نەوت و پارەكەی بەغدا دەتواندرێت مووچە بدرێت."
هەفتەی رابردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی نیسان كردوە، بەڵام لە دوو مانگی رابردوودا گرفتی دواكەوتنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی روویدا.