هەفتەی داھاتوو پێشانگای نێودەوڵەتی پیشەسازی و بیناسازی لە شاری ھەولێر بەڕێوە دەچێت كە شەش وڵاتی جیھان بەشداری كارایان دەبێت و چەندین كۆمپانیای ناوخۆ و بیانییش لە پێشانگاكەدا بەشدارن.
سۆران قادر، سەرپەرشتیاری پێشانگای نێودەوڵەتی ھەولێر بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندووە، بڕیارە ڕۆژانی ٢٤ تا ٢٦ی ئەم مانگە گەورەترین پێشانگای پیشەسازی و بیناسازی لە ھەولێر بەڕێوە بچێت و تێیدا ژمارەیەكی بەرچاو كۆمپانیای بیانی و ناوخۆ بەشداری دەكەن، تا ئێستا ژمارەی كۆمپانیاكان بە دروستی دیار نییە، بەڵام زیاتر گەورە كۆمپانیای بیانین و لە شەش وڵاتی جیھانەوە بەشداری كارایان دەبێت.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، پێشانگای پیشەسازی و بیناسازی بۆ ڕاكێشانی كۆمپانیای بیانییە بۆ ھەرێمی كوردستان و كۆمپانیا بیانییەكان دەیانەوێت كار بكەن لە ھەرێمی كوردستان و لەڕێگەی پێشانگای نێودەوڵەتیی ھەولێرەوە ھەم دەرفەتی كاریان دەست دەكەوێت و ھەم فرۆشیان دەبێت.