رای فەرمی كۆمەڵی دادگەریی لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان


ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان جەخت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لەوادەی خۆیدا دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "پێویستە ڕایگشتی بزانێت كە ئەوە لایەنەكانی دەسەڵاتن بە بیانوی جیاواز دەیانەوێت هەڵبژاردن دوابخرێت".

ئەمرۆ ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر كۆبوەوە و بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەكە، سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری دەستلەكاركێشانەوەی ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی باڵای رەتكردەوە كە لە ماوەی پێشودا داوای دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشی سەرۆكی كۆمەڵ كردبوو و ئەنجومەنی باڵا بڕیاریدا هەر گۆڕانكارییەك كە پێویستە لەئاستە جیاوازەكانی نێوخۆی كۆمەڵدا بكرێت، پاش زەمینەسازی، لەهەلومەرجی گونجاودا ئەنجام بدرێت.

لەڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەدراوە "كۆمەڵی دادگەریی وەك پارتێكی سیاسیی ئۆپۆزسیۆن، لە كابینە جیاوازەكانی حكومەتدا تێبینی و ڕەخنەی خۆی لەسەر سیستمی حكومداریی هەرێم بۆ رایگشتی خستوەتەڕو، لە ڕێگای سیاسیی و میدیایی و پەرلەمانییەوە خەباتی بۆ حوكمڕانیەكی باشتر كردوە و راشیگەیاندوە، مەحاڵە ئەمجۆرە حكومڕانیە بەرهەمداربێت و درێژەی هەبێـت".

كۆمەڵی دادگەری جەخت دەكاتەوە لەسەر ڕای نەگۆڕی خۆی كە داوا دەكات هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و هیچ شتێك بە پاساو نازانێت بۆ دواخستنیان و ئاماژەیان بەوەكردوە ئەوان لەگەڵ هەمواری یاسای هەڵبژاردنن و بە پێویستی دەزانن هەرێم بكرێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها تۆماری دەنگدەران پاكبكرێتەوە و تۆماری دەنگدەرانی عێراق بكرێتە بنەما".



PM:08:44:21/05/2022