کەشناسى هەرێم لەبارەی هاتنى شەپۆلێکى چڕى خۆڵبارین و رەشەبا هۆشدارییەکی بڵاوکردەوە

لە ڕاگەیەندراوێکدا کەشناسی هەرێم هۆشداری دەدات لە هاتنی شەپۆلێکی چڕی خۆڵبارین و دەڵێت" تا رۆژی چوارشەممە بەردەوام دەبێت". 

بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی کوردستان لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژەی بەوەکردووە" پێشبینی دەکرێت شەپۆلێکی تۆز و خۆل زۆربەی ناوچەکانی عیراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بگرێتەوە، کاریگەرى ئەم خۆڵبارینە لە سبەی دووشەممە چڕدەبێتەوە لەسەر ناوچەکەمان".

ئەوەشی خستەڕوو، ئاستى خۆڵبارین لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە جیاوازدەبێت، لەگەڵ بەرزبوونەوەى تۆز و خۆڵ خێراى با زیاد دەکات لە کاتى زیادبوونى خێراى با پێشبینی دەکرێت ئاستى خۆڵبارین گۆڕانکارى بەسەر بێت لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکى دیکە واتە هەندێک ناوچە تۆز و خۆڵى زیاتر دەبێت لەچاو ناوچەیەکى دیکە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" سنوورى پارێزگاى دهۆک ئاستى خۆڵبارینى کەمتردەبێت بەراورد بە ناوچەکانى دیکە رۆژى سێشەممە کاریگەرى خۆڵبارین بە ئاستى کەمتر لەسەر ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت، رۆژى چوارشەممە کاریگەرى ئەم خۆڵ بارینە لەسەر ناوچەکەمان کۆتاى دێت".







PM:02:05:22/05/2022