سەڵاحەدین بەهادین: نەوەكانی داهاتوو چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبۆوە و وتی" نەوەكانی داهاتوو چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن". 

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەممە سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن لە بارەگای نوسینگەی خۆی لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری كە پێكهاتبون لە شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفای سەید قادر جێگرانی سەرۆكی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان و عێراق و ناوچەكە كرا.

سەڵاحەدین محەمەد بەهائەدین ئاماژەی بەوەدا كە" هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان و نەوەكانی داهاتوو چیتر بەرگەی ئەو دۆخە شڵەژاوە ناگرن، نائومێدی هاوڵاتیان و گۆڕنكارییەكانی عێراق و ناوچەكەش ئەوە دەخوازێت كە بەرپرسان بیر لە داهاتووی هەرێم بكەنەوەو بە یەكڕیزی ڕوبەڕوی گرفت و تەحەدیەكان ببنەوە، چونكە چ لەڕوی ناوخۆیی و چ لە ڕوی نێودەوڵەتیەوە هەرێم لەمەترسیدایە و هۆكاری سەرەكیش ململانێ و بێباكی هێزەكانی دەسەڵاتە". 

لای خۆشیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوەکرد، بەمەبەستی ڕەواندنەوەی گرژیەكان و دروستكردنی هاوهەڵوێستی نێوان لایەنە سیاسیەكان سەردانی سلێمانی كردوەو داواشی لە بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین و سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كرد كە وەك هەمیشە ڕۆڵی خۆیان لە پرۆسەی ئاشتەوایی و چاكسازیدا بگێڕن.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی کوردستان لە قەڵاچوالان بەشداریكرد لە مەراسیمی دەرچووانی كۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان و دواتر لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆکی یەکێتی كۆبووەوە، هاوکات بڕیارە لە سەردانەكەیدا لەگەڵ حزبەكانی دیكە لە شاری سلێمانی كۆببێتەوە.


PM:02:45:22/05/2022