"سبەینێ لەعێراق و هەرێم گەشتە ئاسمانییەكان رادەگیرێن"



وەزارەتی گواستنەوەی حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت "بەهۆی هاتنی شەپۆلێكی نوێی خۆڵبارین و هەڵكردنی تەپوتۆز كە سەرانسەری وڵات دەگرێتەوە سبەینێ گەشتە ئاسمانییەكان لە عیراق و فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان رادەگیرێن".

حسێن جەلیل، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاندوە "لەئێوارەی ئەمڕۆوە وڵات دەكەوێتە ژێر كاریگەری پاڵەپەستۆی بەرزە هەوایەكەوە كە لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاستەوە هەڵدەكات و تۆپەڵە هەوایەكی ساردی لەگەڵدا دەبێت، كاتێكیش ئەو تۆپەڵە هەوایە روو لەعیراق دەكات دەبێتە هۆكاری بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ لەناوچەكانی باكووری رۆژئاواو ناوچەكانی رۆژئاواوە بەهەردوو ئاراستەی هەردوو ناوچەی ناوەڕاست و باشوور".

 ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "ئەوەی كە پێویستە جەختی لەسەر بكەینەوە ئەوەیە كە ئەو شەپۆلی خۆڵبارینە پارێزگایەكانی كوردستانیش دەگرێتەوەو ئەمەش بەمانای ئەوەیە شەپۆلی خۆڵبارینەكە لەئێوارەی ئەمڕۆوە  دەستپێدەكات سەرجەم ناوچەكانی عیراق دەگرێتەوە، بەیانی رۆژی 24ی ئایار هەموو شتێك لەبەشەكانی باكوور كۆتایدێت جگە لە ناوچەكانی باشوور نەبێت كە كاریگەرییەكەی تاوەكو بەیانی رۆژی سێشەممە 24ی ئایار دەمێنێتەوە".

جەلیل جەختیشیكردەوە كە لە بەرەبەیانی سبەینێ یەكشەممەوە جموجۆڵی گەشتە ئاسمانییەكان لەسەرجەم فڕۆكەخانەكانی عیراق رادەگیرێت بەهۆی نەمانی ئاستی بینین كە رەنگە ماوەی ئاستی بینین بگاتە 100 مەتر وە رەنگیشە ماوەی ئاستی بینین هەر نەشمێنێت، دووپاتیشی كردەوە  كەبەشێوەیەكی گشتی گەشتەكانی فڕۆكەوانی تاوەكو سەقامگیربوونەوەی كەشوهەوا رادەگیرێن.

 



PM:07:47:22/05/2022