وەزارەتی گواستنەوە: خۆڵبارینەكەی هەرێم دوو رۆژ دەخایەنێت



وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی سبەینێ روو لە هەرێمی كوردستان دەكات ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم لەراگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "لەئەنجامی كاریگەری دروستبوونی ركێڤیەك لەسەر بەشێك لە ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای عێراق بە تایبەتی، پێشبینی دەكرێت شەپۆڵێكی تۆز و خۆڵ زۆربەی ناوچەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە بگرێتەوە".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "‎كاریگەری ئەم خۆڵبارینە لە سبەی دووشەممە چڕ دەبێتەوە لەسەر ناوچەكەمان و ئاستی خۆڵبارین لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر جیاواز دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی تۆزو خۆڵ خێرای با زیاد دەكات لە كاتی زیادبوونی خێرای با پێشبینی دەكرێت ئاستی خۆڵبارین گۆڕانكاری بەسەر بێت لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی تر واتە هەندێ ناوچە تۆزوخۆڵی زیاتر دەبێت لە چاو ناوچەیەكی دیكە".

هەروەها دەڵێت "‎سنووری پارێزگای دهۆك ئاستی خۆڵ بارینی كەمتر دەبێت بە بەراورد بە ناوچەكانی تر، هەروەها رۆژی سێشەممە كاریگەری خۆڵبارین بە ئاستی كەمتر لەسەر ناوچەكەمان بەردەوامی دەبێت، رۆژی چوارشەممە كاریگەری ئەم خۆڵبارینە لەسەر ناوچەكەمان كۆتای دێت".

وەزارەتی گواستنەوە روونیكردۆتەوە "‎كاریگەری ئەو شەپۆلە خۆڵبارینەی كە ئێستا ڕووی لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق كردوە كە بوەتە هۆی كەمبونەوەی مەودای بینین پێشبینی دەكرێ سبەی لە كاتەكانی بەیانی درێژبێتەوە بۆ سەر تەواوی ناوچەكانی هەرێمی كوردستانیش كاریگەریەكەیشی لە ناوچەكانی هەرێم بە ئاستی جیاواز دەبێت (لە ناوچەیەك بۆ ناوچەیەكی تر دەگۆڕێت) پێشبینی دەكرێ مەودای بینین كەمبێتەوه بۆ كەمتر لە 2 كم هاوكات خێرایی با زیاد دەكات بۆ سەروی 30كم/ك".

هەروەها وتویەتی "‎كاریگەری ئەم شەپۆلە خۆڵبارینە لەسەر ناوچەكانی كەركوك و گەرمیان چڕتر دەبێت بە بەراورد لە گەڵ ناوچەكانی دیكەی هەرێم وە پێشبینیش دەكرێ مەودای بینین دابەزێت بۆ كەمتر لە 200 مەتر".

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە "كاریگەری خۆڵبارینەكە لە دوای نیوەڕۆ وە كەمێك لاواز دەبێت، بەڵام لە كاتەكانی درەنگانی شەودا دیسان چڕ دەبێتەوە تا پێشنیوەڕۆی ڕۆژی سێشەممە پاشان دادەبەزێت، ‎ئاسمانی هەرێم پەڵە هەور دەبێت لە ناوچەكانی دهۆك هەندێ كات دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور و هەوری تەواو لە گەڵ ئەگەری كەمێك نمە باران".



AM:12:15:23/05/2022