وەزارەتی بازرگانی: لە چوارشەممەوە كڕینی گەنم دەست پێدەكات


وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "ئامادەكاریمان بۆ وەرزی بە بازاڕكردن و وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێكردووە و لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر تەنێك گەنمیش بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دەدرێتە جوتیاران".

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەیەكدا لە وەزارەت باس لە چەندین خاڵ و تەوەرەی گرنگ و خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵی جوتیاران كرا ئەوانیش بەپێی ئەو نرخەی كە لە وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدڕاڵ دەستنیشان كراوە لەبەرامبەر وەرگرتنی هەر تەنێك گەنم بڕی ٨٥٠ هەزار دینار دەدرێتە جوتیاران، بە پێچەوانەی ساڵانی رابردوش سەرجەم بەرهەمەكانیان لێوەردەگیرێت.

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە، بڕیاریشە لە ماوەیەكی زۆر نزیكدا شایستە داراییەكانیان بۆ خەرج بكرێت، ڕۆژی چوارشەممەش وەك یەكەم ڕۆژی وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی كوردستان  دیاریكراوە.



PM:08:16:23/05/2022