"پارتی ئامادەیە سیستەمی هەڵبژاردنی هەرێم بكرێتە چوار بازنەیی"

 

پارتی دیموكراتی كوردستان نەرمی نواندووە بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كە سیستەمی بازنەیی هەرێمی كوردستان لە یەك بازنەییەوە بكرێتە چوار بازنە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی یەكێتییەوە دەست (سپی) كەوتوون، بڕیارە سبەینێ مەكتەبی سیاسی یەكێتی كۆببێتەوە و تیایدا تاوتوێی سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم دەكات بۆ شاری سلێمانی و دوا پێشهاتەكانی كوردستان و عێراق.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، سەردانەكە بەگشتی باشبووە بۆ توانەوەی بەستەڵەكی یەكێتی و پارتی، سەبارەت بە پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و دانانەوەی بەرهەم ساڵحیش، سەرچاوەكە وتی "ئێمە تائێستاش سوورین لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە و دانانەوەی بەرهەم ساڵح، بەڵام ئەگەر بابەتەكە هاتە سەر رێككەوتنی جددی، ئەوا رەنگە لاریمان نەبێت بۆ گۆڕینی بەرهەم ساڵح، بەڵام بەو مەرجەی خۆمان كاندیدی نوێ دیاری بكەین، نەك كاندیدی هاوبەشی ئێمە و پارتی".

دەربارەی هەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی كوردستانیش كە بڕیارە رۆژی 1ی 10 بەڕێوە بچێت، ئەو سەرچاوەیە روونیكردەوە "پارتی لەسەر ئەوەش ئامادەیە بۆ سازش، ئەوان ئامادەن بۆ سیستەمی چوار بازنەیی، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەم كۆمسیۆن بگۆڕین، چونكە وادەیان تەواو بووە و هەمیش تۆماری دەنگدەران نوێ بكرێنەوە".
 




PM:08:57:23/05/2022