فایەق زێدان: بۆ هیچ لایەنێك نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی بكات


سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق رایدەگەیەنێت،  بۆ هیچ لایەنێك نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی بكەن، پابەندبوونیش بە بڕیارەكانی دادگا ئەركێكی دەستووری و یاساییە.

فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی سەباحی عێراقی رایگەیاندووە "دادگای باڵای فیدرالی بەشێكە لە دادوەری و بە شێوەیەكی سەربەخۆ لە حكومەت كارەكانی ئەنجام دەدات، لە دۆسییەی هەناردەكردنی نەوت و غازی هەرێم، وەزارەتی نەوتی عێراق لایەنی سكاڵاكارە و نوێنەری بیروڕای حكومەتە".

زێدان ئاماژەی بەوەكردووە "لە دوای بەدواداچوونی دۆسییەكە دەركەوت كە وەزارەتی نەوت بە پێی دەستوور مافی ئەو داوایەی هەیە، دادگای باڵای فیدرالیش لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت بڕیارەكەی یەكلاكردەوە".

ناوبراو وتویەتی "پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای باڵای فیدرالی ئەركێكی دەستووری و یاساییە، بۆ هیچ لایەنێك نییە سەرپێچی بڕیاری دادگای باڵای فیدرالی بكات، سەرپێچی كردنی بڕیارەكانی دادگای فیدرالی واتە سەرپێچی كردنی دەستوور  و یاسا".

ئەو لێدوانەی فایەق زێدان لە كاتێكدایە دادگای باڵای فیدرالی لە رۆژی ١٥ی شوباتی ئەمساڵ بڕیاری نادەستووری بوونی یاسای ژمارە (٢٢)ی نەوت و غازی هەرێمی دەركرد، چونكە دادگا وای دەبینێت كە یاساكە پێچەوانەی چەند بڕگەیەكی دەستووری كۆماری عێراقە، حكومەتی هەرێمیشی پابەند كرد بە رادەستكردنی نەوتەكەی .




PM:01:31:23/06/2022