بەرپرسێكی پارتی: رێككەوتنمان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی بەرهەمی ٤٨ كاتژمێر كۆبوونەوەیە

بەرپرسێكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، رێككەوتنەكەیان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەنجامی ٤٨ كاتژمێر كۆبوونەوە بووە لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی.  

شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە لە پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاندووە "لێكتێگەیشتنەكە درەنگانی شەوی پێش كۆبوونەوەی پەرلەمان دروستبوو، هەموو ئەو بابەتانەی لە میدیاكاندا باسكرا، وەكو مەرجی پێشوەختەی پارتی بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەكە و پێكهێنانی حكومەت جێی كرایەوە".  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "هەروەها مەرجێكی بارزانی لە بەیاننامەكەدا جێگیركرا كە ئەویش پرسی سازان و هاوسەنگی و هاوبەشی. هەروەك بابەتی دەركردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و شایستە دارییەكانی پێشمەرگە هەموو ئەمانە لە بەیاننامەكەدا جێگەی كراوەتەوە بە پشتبەستن بە دەستوور".  

شاخەوان عەبدوڵا وتی "ئەوەی كە لەپەرلەمان خوێندرایەوە لەبارەی رێككەوتن لەسەر حكومەتی نوێ هەر ئەوە نییە، ئەو بەیاننامەیە نووسراوەتەوە، ئەو بەیاننامەیە لە ئەنجامی كۆبوونەوەیەكی دوور و درێژە كە 48 كاتژمێر گفتوگۆ و دانوستاندنمان كردووە و تاوەكو گەیشتووینەتە لێكتێگەیشتن، بەڵام هێشتا نازانین كە چوارچێوەی هەماهەنگی تاچەند لە نێوانی خۆیاندا رێكدەكەون بۆ پرسەكان".  
 
جێگری سەرۆكی پەرلەمان باسی لەوەكردووە "بابەتی سەرۆك كۆمار، لەسەر ئەوە رێككەوتوون، چ لە سەردەمی هاوپەیمانی رزگاركردنی نیشتمان و چ ئێستاش لەگەڵ چوارچێوە، كە ئەو بابەتە مافی كوردە و لەناو كوردیشدا دەبێت ئەو بابەتە بە رێككەوتنی كوردی یەكلابكرێتەوە، "ناكرێت بەبێ پارتی سەرۆككۆمار هەڵبژێردرێت، ئەوانیش تێگەیشتنی باشیان لەو بارەیەوە هەیە و ئەو پۆستە دەبێت بە لێكتێگەیشتن و رێككەوتن یەكلایی بكرێتەوە".  

شاخەوان عەبدوڵا جەختیكردەوە "پارتی كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار هەیە و نەیكشاندۆتەوە، ئەوی دیكەشی بابەتی بەردەوام بوون یاخود رێككەوتن لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوە پرسێكی سیاسییە، بەڵام پارتی تاوەكو ئێستا رێبەر ئەحمەد كاندیدیەتی و پابەندە پێوەی".  




AM:11:41:24/06/2022