وەزارەتی سامانە سروشتییەكان: بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەی كۆرمۆر بەردەوامە

دوای ئەوەی ئەمڕۆ کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سنوری قەزای چەمچەماڵ بۆردوومانکرا، شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان سەردانی کێڵگەکەیان کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی شاندێكی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان لەسەر فەرمانی وەزیری سامانە سروشتیەكان بە سەرپەرشتی ئەحمەد موفتی، بریكاری وەزارەتی سامانە سروشتیەكان گەیشتنە كێڵگەی كۆرمۆر و لەگەڵ بەرپرسانی كۆمپانیای دانە غاز كۆبووە و لە نزیكەوە لە زیانەكانی هێرشە مووشەكەكە بۆ سەر كێڵگەكەیان كۆڵییەوە. 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" هێرشەكە زیانی گیانی نەبووە و بەرهەمهێنانی گازی سروشتی لە كێڵگەكە بەردەوامە و كۆنترۆڵی زیانە مادییەكان كراوە، هەناردەكردنی گازیش بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا ئاساییە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاری دامەزراندنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆنەكان درا بە سەرپەرشتی بریکاری وەزارەت و ئەندامبوونی لایەنە پەیوەندارەکان". 


PM:05:15:24/06/2022