"کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتیمانی زیاد دەکرێت"

وەزیری كارەبای هەرێم ڕایدەگەیەنێت" ژماره‌یه‌ك یه‌كه‌ى به‌رهه‌ههێنانى كاره‌با نۆژه‌ن دەکرێنەوە، ئه‌وه‌ش هۆكار ده‌بێت بۆ زیادبوونى پێدانى كاتژمێره‌كانى كاره‌با". 

كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی راگەیاند" خواستی كارەبا لەم وەرزە چوار هەزار مێگاواتە، ئەو بەرهەمەی ئێستا هەمانە سێ هەزارو ١٠٠ مێگاواتە، بەڵام چەندین یەكە لەژێر نۆژەنكردنەوەدان و سەرۆكی حكوومەت بڕی ٧٥ ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی ئەو كۆمپانیایانە تەرخان كردووە". 
وتیشی" چەند وێستگەیەكمان لەژێر نۆژەنكردنەوەدان، ئەوان تەواوبن بەرهەمی كارەبا و پێدانی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر دەبن". 

ڕوونیشی كردەوە، كە لەم ماوەیەدا چەندین یەكەی كارەبا دەست بە بەرهەمهێنان دەكەنەوە و كارەبا زیاد دەبێت، چونكە بڕیارە لەم هەفتەیەدا ١٥٠ مێگاواتی وێستگەی خەبات بگەڕێتەوە، هەروەها لە كۆتایی مانگدا یەكەیەكی وێستگەی ماس دەگەڕێتەوە نێو تۆڕی كارەبای نیشتمانی، كە ١٠٠ مێگاواتە.

جەختیشی كردەوە، لە مانگی حەوتدا بەرهەمهێنانی كارەبا زیاتر دەبێت، چونكە وێستگەی تاسڵووجە، كە ٥١ مێگاواتە دەكەوێتە كار، هەروەها تاكۆتایی مانگی تەمموز سێ یەكەی ٢٩ مێگاواتی (كە دەكاتە ٨٧ مێگاوات)، ئەوانیش دەكەونە كار، ٣٨ مێگاواتی وێستگەی كارۆئاوی دێرەلووكیش دەكەوێتە كار. 

وەزیری كارەبا ڕاشیگەیاند" لە مانگی نۆی ئەمساڵدا وێستگەیەكی گەورەی كارەبا لە بازیان دەكەوێتە كار، كە ٥٠٠ مێگاواتە و لە مانگی ١٠ بەتەواوی دەكەوێتە كار". 

دەشڵێت" بەرهەمهێنانی كارەبا بەرەو باشتر دەچێت و بەدڵنیایی كاتژمێرەكانی كارەباش زیاتر دەبن و بەرەو باشتر دەچێت و ئەوەی لە تواناماندا بێت بۆ خەڵكی خۆمان دەیكەین". 


PM:02:16:25/06/2022