عەبدوڵا كوێخا موبارەك، كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا هیچ مەترسییەك لەسەر كێڵگەی كۆرمۆر نییە و ئەگەر مەترسیش هەبێت توانای سەربازی حكومەتی هەرێم بەهێزە و دەتوانێت بەرگری لێبكات.
عەبدوڵا كوێخا موبارەك، كادیری پارتی دیموكراتی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "غازی كۆرمۆر لە قەزای چەمچەماڵ ھیچ مەترسیەكی لەسەر نییە، تەنھا كارێكی گێرە شێوێنی چەند تاقم و گروپێكە كە گومان دەكرێت سەر بە حەشدی شەعبی بن چەند گولە ڕاجیمەیەكی دوازدەیی و بە شێوەی ھەڕەمەكی ئاراستەی كۆرمۆر كردووە، ئەو جۆرە كاتیوشانە ھێز و كاریگەریەكی وای نییە و مەترسی بۆ سەر تەنھا بینایەكیش دروست ناكات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ھەروەھا حكومەتی عێراق لەم كات و زروفەدا گیرۆدەی دوو بەرەكی و قەیرانێكی قوڵی سیاسی ناوخۆیی بۆتەوە و مەترسی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسی و حكومڕانی خودی خۆی ھەیە و نزیكە لە شكست و ڕووخان و ناتوانێت ببێتە مەترسی بۆ سەر ھەرێمی كوردستان".
هەروەها دەڵێت "ئەگەر حكومەتی عێراق توانایشی ھەبوایە ناتوانێت بڕیاری دادگای بەناو فیدراڵی عێراق بكاتە بیانوو بۆ سەر غازی كۆرمۆر، لەبەرئەوەی بڕیاری دادگاكە دەڵێت نابێت نەوت و غاز ھەناردەی دەرەوە بكرێت، غازی كۆرمۆریش تائێستا بەھیچ شێوەیەك ھەناردەی دەرەوە نەكراوە".
ئەو كادیرەی پارتی دەڵێت "ئەگەر ئەو خاڵانەی سەریشەوە لەبەرچاو نەگیرێت حكومەتی ھەرێم لە ئێستادا لە ڕووی سەربازیەوە زۆر بە ھێزە و بە دڵنیاییەوە توانای بەرگری لە كێڵگە نەوتی و غازیەكانی خۆی ھەیە".