وەزارەتی دارای: پێویستیمان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە بۆ زیادكردنی داهات

ئەمڕۆ  یەک شەممە رێكەوتی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، وەزارەتی دارایی هەرێم بڵاویکردەوە، وەزیری دارایی و ئابوری ئاوات جەناب لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت كۆبووەوە و ڕاشیگەیاند بۆ مەبەستی زیادكردنی داهات پێویستیمان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە و كاری مەیدانی و هەماهەنگی لایەنەكانی دیكە دەبێت لە پێشینەی كارەكانمان بێت."

 

 

دەقی راگەیەنراوەکە   بەمشێوەیەی خوارەوە هاتووە:

 

وەزیری دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت كۆبووەوە :-

 

رۆژی یەک شەممە رێكەوتی 26ی حوزەیرانی 2022 بەڕێز ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ ئەنجومەنی وەزارەت كۆبووەوە.  

 

لەسەرەتایی كۆبوونەوەكە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری دەستخۆشی زۆری بۆ ئەندامانی ئەنجومەنی وەزارەت هەبوو، كە هەموومان پێكەوە و وەكو یەك تیم كار لەسەر پلان و كارنامەی جێبەجێكردنی یاسای چاكسازی دەكەن.  

 

هەر لەكۆبوونەوەكەدا، سەرجەم بەشداربووانی كۆبوونەوەكە پێنشیاز و پلانەكانی خۆیان خستە بەردەم وەزیری دارایی و ئابووری و تاوتوێی پێشنیازەكان كرا.  

 

لای خۆشیەوە، ئاوات جەناب نوری، وەزیری دارایی و ئابووری، جەختی لەوە كردەوە، رێكاری بەرنامەكانی ئەنجومەنی وەزارەتمان لەسەر دوو بنەما دەبێت، ئەویش پلانی كورت مەودا و ستراتیژی دوور مەودایە.  

 

لە كۆتایی كۆبوونەوەكەش، ئاماژەی بەوەدا كە بۆ مەبەستی زیادكردنی داهات پێویستیمان بە هەنگاوی كردارەكی هەیە و كاری مەیدانی و هەماهەنگی لایەنەكانی دیكە دەبێت لە پێشینەی كارەكانمان بێت.  

 

ئەم كۆبوونەوە لە كاتێكدا، رۆژی پێنج شەممە رێكەوتی 23ی حوزەیرانی 2022 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی وەزارەتی دارایی و ئابورییان كرد و لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆكی حكومەت ئاماژەی بە" کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستییەکانی حکومەت کرد کە لە دوو سەد ملیۆن دۆلارەوە بووەتە حەفتا ملیۆن دۆلار، کەمکردنەوەی ئەو 130 ملیۆن دۆلارەی خەرجی و گەڕاندنەوەی بۆ گەنجینەی گشتیش، نەبووەتە هۆی ئەوەی راییکردنی کاروبارەکانی حکومەت پەکی بکەوێت".

 

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە "کە داهاتیش لەم ماوەیە بەشێوەیەکی رێژەیی باشتربووە، بەڵام دەکرێ زۆر زیاتریش بێت لە چوارچێوەی کارنامەی حکومەت بۆ هەمەجۆرکردنی ئابووری و سەرچاوەکانی داهات و زیادکردنی داهاتی نانەوتی، کە زۆر رێگە هەن بۆ زیادکردنی داهات، بەبێ ئەوەی هیچ بارگرانییەک لە سەر  هاوڵاتییان دروست بکات".



PM:05:38:26/06/2022