بەرپرسێكی وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، سبەینێ تاقیكردنەوەی ١٢ی ئامادەیی دەست پێدەكات و ١٠٧ هەزار و ١٣٠ خوێندكار بەشداری دەكەن.
فاتیح مەولەوی زادە، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەكان و هەڵسەنگاندن لە وەزارەتی پەروەردە، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە، 'ئەمساڵ بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەكان لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و دوو هەزار ١٧٥ هۆڵی تاقیكردنەوە بۆ ١٠٧ هەزار و ١٣٠ قوتابی دیاریكراوە كە بەشەكانی زانستی و وێژەیی و پیشەیی و خوێندنی ئیسلامی دەگرێتەوە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە، لەگەڵ وەزارەتەكانی ناوخۆ و گواستنەوە و گەیاندن و تەندروستی و كارەبادا هەماهەنگی كراوە و لە كاتی تاقیكردنەوەكانیشدا هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێت.
زادە وتویەتی ''هەر قوتابییەك گزی بكات لە هەریەكێك لە وانەكان، دوای گزییەكە هەموو وانەكانی تری بە گزی بۆ هەژمار دەكرێت و بۆی نییە تاقیكردنەوە ئەنجام بدات و، ساڵی ئایندە دەبێت تاقیكردنەوەی هەموو بابەتەكان بكاتەوە".