مستەفا چاوڕەش: هێزە عێراقییەكان ویستویانە بچنە كێڵگەی كۆرمۆر


فەرماندەی یەكەی ٧٠ی هێزەكانی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، شەوی ڕابردوو هێزە عێراقییەكان ویستوویانە بچنە كێڵگەی غازی كۆرمۆر، بەڵام ڕازییان كردوون كە بگەڕێنەوە، چونكە ئەو شوێنە لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدایە.

مستەفا چاوڕەش، فەرماندەی یەكەی ٧٠ی هێزەكانی پێشمەرگە بە میدیای پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە "تا ئێستا سێ جار مووشەك بە كێڵگەی غازی كۆرمۆرەوە نراوە، شەوی رابردوو هێزە عێراقییەكان ویستیان بگەنە ئەو شوێنە، بەڵام هەرچۆنێك بێت قسەمان لەگەڵ كردن و قەناعەتمان پێكردن بگەڕێنەوە، چونكە هاتنی ئەوان لەو كاتەدا باش نەبوو، هەر ئەو كاتە جێگری سەرۆكی حكومەت و هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی بەرگریی فریاكەوتن و لیواكانی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەكانی ئێمە لەوێ بوون، چونكە ئەو شوێنە سنووری دەسەڵاتی ئێمەیە، وەك هەرێمی كوردستان".   

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ئەو هێرشانەی دەكرێن، هەڕەشەن بۆ سەر حكومەت و خەڵكی كوردستان، هێرشەكانیش هەرچەندە تا ئێستا كەس بەڕەسمی لەئەستۆی نەگرتوون، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەستیان لەپشتە، هەموو كەسیش هەست بەوە دەكات، چونكە لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، نەتوانراوە حكوومەت پێكبهێنرێ و وڵات بێ خاوەنە."   
 
چاوڕەش وتویەتی "كۆرمۆر شوێنێكی گرنگی كوردستانە، ئێمە حەزمان لە شەڕ نییە و نەچووینەتە سەر خاكی كەس، بۆیە دەبێ سەركردایەتیی كوردستان دابنیشێت و بیرێك لەم دۆخە بكاتەوە، تا یەكگرتوو بین كەس ناتوانێت زەفەرمان پێ ببات، ئەو بۆشاییەی كە هەیە، ئەوان سوودیان لێ بینیوە."   

هەروەها باسی لەوەكردووە، " دادگای فیدراڵیی عێراق هەموو رۆژێك بە ناوی نەوت و غاز هەڕەشەیەك لە كوردستان دەكات، بۆیە دەبێت هێزە كوردییەكان و یەكێتی و پارتی بەرنامەیەك بۆ ئەم دۆخە دابنێن."   




PM:09:57:26/06/2022