مەسرور بارزانی پەیامێكی بڵاوكردەوە


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر هێرشكردنە سەر كێڵگەی غازی كۆرمۆر پەیامێكی بڵاوكردەوە.

دەقی پەیامەكە..

وەك هاونیشتمانییانی سەرتاسەری كوردستان، زۆر نیگەرانم لە دووبارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستییەكان بۆ سەر خەڵك و ژێرخانی گشتی كوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا. ئەو ترسنۆكانەی لە پشت ئەنجامدانی هێرشەكانن بۆیە پەنا بۆ ئەم تاوانكارییە دەبەن، چونكە دەنگی ڕای گشتییان لە عێراقدا لەدەست داوە. لەجیاتی ئەوەی بیر لە داهاتوو بكەنەوە و كار بۆ گەشەسەندنی ئابووری و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕەخساندنی هەلی كار بۆ گەنجان بكەن، گرووپە لە یاسادەرچووەكان، گوندەكانمان مووشەكباران دەكەن و خەڵكی سڤیل دەكەنە ئامانج.

من لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە لەگەڵ هاوبەشە سیاسییە سەرەكییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و هەروەها دۆستەكانمان لە دەرەوەی وڵات قسەم كردووە. لە پەیوەندییەكەمدا لەگەڵ بەڕێز مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی فیدراڵ، جەختم لەسەر پێویستیی و گرنگیی پێكهێنانی هێزێكی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق كردەوە بۆ پڕكردنەوەی هەر بۆشایییەك كە لە ناوچە جێناكۆكەكاندا هەبێت كە گرووپە لە یاسا دەرچووەكان بەكاری دەهێنن بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەموو عێراق. من بۆ سەرۆك وەزیرانی فیدراڵم ڕوون كردەوە كە هێرشەكان، مەترسی لەسەر سەقامگیری و دۆخی وەبەرهێنان لە عێراق بە گشتی دروست دەكەن و داوام لێكردووە ڕێكاری جیدی و كرداری بگرێتەبەر بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو گرووپانە.

هەروەها بەڕێزان وەزیرانی كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆم ڕاسپاردووە هەموو رێكارێكی پێویست بگرنەبەر بۆ پاراستنی ژێرخانی گشتی و دامەزراوەكانی نەوت و گاز. لە چوارچێوەی پلانەكەدا، رێككەوتووین لەسەر ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەكە. لە ڕۆژانی داهاتووشدا ڕێكاری زیاتر دەگرینەبەر.

شەوی ڕابردووش لەگەڵ بەڕێز برێت مەكگۆرك ڕێكخەری كۆشكی سپی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقا قسەم كرد. هاوڕێ ئەمریكییەكانمان و هەموو وەبەرهێنەرێك، دەبێت پابەندی بنوێنن؛ ناتوانین مل بۆ ترس و تۆقاندن بدەین. لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، داوا لە دۆست و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكانمان دەكەم و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیش پێویستە لە پەیوەندی و هەوڵەكانیان لەگەڵ هەولێر و بەغدا بەردەوام بن بۆ ئەوەی بەیەكەوە، ڕێگە لە هێرشی تیرۆریستی زیاتر بگرین.

حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە پێزانینەوە لە ڕۆڵی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و گاز و سەرجەم ژێرخانی گشتی دەڕوانێت و بەرگریشی لێ دەكات. زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێین، هێرشكردنە سەر هەر شوێنێك لە كوردستان، هێرشكردنە بۆ سەر هەموو كوردستان و خەڵكی كوردستان بە گشتی.

داوا لە خەڵكی كوردستان دەكەم كە ئیرادەیان بەهێز بێت. ئەمە هێرشێكی ئاشكرایە بۆ سەر ژێرخانی ئێمە و بەشێكە لە هەوڵێكی تێكدەرانە بۆ وەستاندنی ئێمە لە پلانە ستراتیجییەكان و كارنامەی چاكسازیمان. بەڵام دلنیابن وەك هەمیشە خۆڕاگر دەبین .



AM:12:21:27/06/2022