داناغاز بۆ یەکەمجار لەسەر بە ئامانجگرتنی لە هەرێم راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە

کۆمپانیای دانەغاز بڵاویکردەوە، کارکردنیان لە پرۆژەی فراوانکرنی کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوەیەکی کاتی راگرتووە.


ئەمڕۆ ٢٧ی حوزەیران، کۆمپانیای دانەغاز لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند " ئەو هێرشە مووشەکیانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کرانەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هیچ زیانێکی گیانی و ماددیان نەبووە و بەرهەمهێنانی غازی سروشتی بەشێوەیەکی ئاسایی لەو کێڵگەیە بەردەوامە، بەڵام بڕیارمانداوە کارکردنمان لە پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەی ناوبراو بۆ ماوەیەکی کاتی رابگرین".

هەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئەوەش هاتووە " راگرتنی کارەکان لە پرۆژەی فراوانکردنی کێڵگەکە تاوەکو ئەوکاتە دەبێت کە بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە ئاسایی دەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق هەماهەنگی دەکەین و ناوبراوان پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە".

ئەوەش هاتووە " وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردووشدا کرایەسەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک رێککاری گرتووەتەبەر و هێزی سەربازیی زیاتری بۆ پاراستنی کێڵگە و دامەزراوەکانی ناوچەکە ناردووە".

ئەمەش لە کاتێکدایە، چەندین جار کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ بە مووشەکی کاتیۆشا هێرشکرایە سەری، بەڵام هێرشەکان هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان لێنەکەوتەوە.

 

 



AM:11:21:27/06/2022