كۆمپانیایەكی دیكەی بواری نەوت كشانەوەی خۆی لە هەرێم راگەیاند


كۆمپانیای خزمەتگوزاری نەوتی ئەمریكی )هالیبێرتۆن( چووە ریزی هەردوو كۆمپانیای شلمبجیر و بەیكەر هیوزەوە و بەغدای ئاگاداركردەوە كە پابەند دەبێت بە بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی كە بنەما یاساییەكانی كەرتی وزەی هەرێم هەڵدەوەشێنێتەوە.  

كۆمپانیای )هالیبێرتۆن( لە نامەیەكدا كە دوێنێ نووسراوە و ئاراستەی وەزیری نەوتی عێراق كراوە رایگەیاندووە "خۆمان لە گرێبەستی نوێ یان بەشداریكردن لە تەندەرەكانی بەردەوام لە هەرێمی كوردستان بە بێ رەزامەندی بەغدا بەدوور دەگرین، ئەوەش بەپێی پێگەی iraqoilreport".  

نامەكەی هالیبێرتۆن لە وەڵامی كۆمەڵێك نامەی وەزارەتی نەوت و كۆمپانیای نەوتی نیشتمانی عێراق و كۆمپانیای نەوتی بەسرە هاتووە كە رێنمایی "هەموو بەڵێندەرە سەرەكییەكان و بەڵێندەرە لاوەكییەكان" دەكەن بۆ پچڕاندنی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم لە ماوەی سێ مانگدا ئەگەرنا لەلایەن بەغداوە دەخرێنە لیستی ڕەشەوە.  

لەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدراڵی عێراقەوە دژی كەرتی وزەی هەرێم، وەزارەتی نەوت كۆمپانیا نەوتییەكانی لە هەرێم ئاگاداركردەوە كە پابەندی بڕیارەكە بن و لەكاركردن لەهەرێم بكشێنەوە.  



PM:11:25:29/06/2022