حكومەتی هەرێم: ملكەچی هیچ گوشار و هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵیی عێراق نابین



ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت "بە هیچ شێوەیەك دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەكانی نابێت و ملكەچی هیچ گوشار و هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵیی عێراق نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات".
 
ئەمڕۆ ٦-٧-٢٠٢٢  ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیكردەوە كە بەهیچ شێوەیەك دەستبەرداری ماف و شایستە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان نابێت و بە هەموو رێگەیەكیش داكۆكی لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ملكەچی هیچ گوشار و هەڕەشەیەكی حكومەتی فیدراڵی نابێت كە دەیەوێت مافەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكات."
 
هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "بەداخەوە حكومەتی فیدڕاڵی بە نادەستووری بڕیاری راگرتنی خەرجكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی داوە، لە هەمانكاتدا گوشاری ناڕەواش دەكات تاوەكو رێگربێت لەو داهاتەی كە هەرێمی كوردستان خۆی دەستی دەكەوێت لە داهاتی نەوتی و ناوخۆیی خۆی، كە هیچ ئەركێكی دارایی لەسەر حكومەتی فیدراڵیی دروست نەكردووە."
 
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باس لە داهات و خەرجییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە و هاتووە "كابینەی نۆیەم توانیویەتی لە داهاتی نەوت پارەی پێویست بۆ مووچەی تەواوی شەش مانگی یەكەمی ساڵی ٢٠٢٢ دابین بكات كە خەرجیی تێكڕایی مانگانەی مووچە ٩٠٠ ملیار دینارە لە كاتێكدا حكومەتی فیدراڵی بۆ شەش مانگی ساڵی ٢٠٢٢، دەبوایە ترلیۆنێك و ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت، بەڵام تەنیا دوو مانگی لەمساڵەدا ناردووە كە تەنیا ٤٠٠ ملیار دینارە."
 



PM:07:36:06/07/2022