وەزارەتی بازرگانی عێراق دابینكردنی بەشەخۆراكی بۆ شەش مانگی داهاتوو راگەیاند، لەڕێگەی یاسای پشتیوانی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدانەوە.
بەپێی راگەیەنراوی شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە ٦-٧-٢٠٢٢ عەلا جبوری، وەزیری بازرگانی عێراق لەكۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاخەوان عەبدوڵا، رایگەیاندووە "كارەكانیان بەردەوامە لە سەرجەم فەرمانگە و كۆمپانیاكانی سەربەوەزارەتەكەی، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەنجومەنی نوێنەران یاسای پشتیوانی خێرا بۆ ئاسایشی خۆراك و گەشەپێدان پەسەندكرد".
جبوری روونیكردۆتەوە، وەزارەتەكەی توانی بەشەخۆراك و مادەكانی ناو فۆرمی خۆراك و سەبەتە خۆراكییەكان بۆ شەش مانگی داهاتوو دابین بكات لەگەڵ فەراهەمكردنی ئەوەی پێویستە بۆ هەر دۆخێكی لەناكاو لەسەر ئاستی وڵات.