ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان پڕۆژە یاسای (كار)ی پەسەند كرد و بەپێی یاساكەش مافی كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەت رێكخراوەتەوە.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە ٦-٧-٢٠٢٢ رایگەیاندووە "ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای (كار)ی پەسەند كرد، یاسایەكی گرنگ و سەردەمیانەیە كە ئابووریی و بازاڕ وكەرتی تایبەت زیاتر دەبوژێنێتەوە".
قوباد تاڵەبانی روونیكردۆتەوە "لەم یاسایەدا مافی كرێكاران و كارمەندانی كەرتی تایبەت پارێزراوە و یەكسانی رەگەزیی لەبەرچاو گیراوە و بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی گرێبەستی كار و كاتەكانی كار كردن و مۆڵەت وەرگرتن، بەتایبەتیش مافی نەوجەوانان و ژنان رێكخراوەتەوە".