دەستەی ژینگە هۆشداری لە قوربانیكردن لە جەژن دەدات


دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە رایدەگەیەنێت، لە رۆژانی جەژنی قورباندا  پێویستە ئەو ئاژەڵەی ئامادەی كردوە بۆ كوشتنەوە لەسەربڕخانەی فەرمی بكوژرێتەوە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری پزیشكی ڤێتەرنەری بێت.

دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە،لە رۆژانی جەژنی قورباندا ئەو هاوڵاتییەی دەیەوێت قوربانی بكات بە كوشتنەوەی ئاژەڵێك و دابەشكردنی گۆشت بەسەر هاوڵاتیاندا، پێویستە ئەو ئاژەڵەی ئامادەی كردوە بۆ كوشتنەوە لەسەربڕخانەی فەرمی بكوژرێتەوە بۆ ئەوەی لەژێر چاودێری پزیشكی ڤێتەرنەری بێت و پاشماوەكان لەو شوێنە فڕێ بدرێت، نەك لە كۆڵانەكان و شەقامی گەڕەكەكان.

هەروەها دەڵێت "ئەو ئاژەڵەی بۆ سەربڕین ئامادەكراوە پشكنینی بۆ بكرێت بۆ دلنیابوون كە تووشبوو نیە بە تای ڤایرۆسی خوێنبەربوون،  لەكاتی گەشت و سەیران بۆ شوێنە گەشتیارییەكان وسەیرانگەكان و پارك و دارستانەكان رەچاوی پاكڕاگرتنیان بكرێت و پاشماوەكانتان كۆبكەنەوە و لەگەڵ خۆتان بیهێننەوە بۆ ئەو شوێنانەی تەرخانكراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان یان حاویەی بەردەم ماڵەكانتان".

دەستەی ژینگە ئاماژەی بەوەكردوە "بەهۆی بڵاوبوونەوەی شەپۆلێكی تری كۆرۆنا، ڕەچاوی دووریی كۆمەڵایەتی بكەن بۆ سەلامەتی هەموو لایەك".



PM:12:01:07/07/2022