پێشبینیەکان بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ دڵخۆشکەرن

کەشناسێکی کورد دیاری کرد پێشبینیی مژدەبەخش بۆ وەرزی بارانبارینی ئەمساڵ هەیە و دەڵێت، "بەگوێرەی پێشبینییەکان، وەرزی زستانی ئەمساڵ بارانی باش دەبارێت و وشکەساڵی نابێت".  

ئەمڕۆ سێشەممە، لە بڵاوکراوەیەکدا ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی ڕایگەیاند، "تا ئێستا بۆ ماوەی ٢٥ مانگ زیاترە دیاردەی لانینا بەردەوامی ھەیە کە لە مانگی تەموزی ساڵی ٢٠٢٠ دەستی پێکرد، سەرەتا زەریای ھێمن رۆڵ و کاریگەری بەسەر گۆرانکاریەکانی پلەی گەرمی و پەستان و بارانبارین لەسەرتاسەری جیھاندا ھەیە بە ھەر سورێک لە ساردبوونەوە و گەرمبوونەوەی ئاوەکانی ناوچە جیاوازەکانی ئەم زەریایەدا جۆرێک لەگۆڕانکاری بەسەر کەشوھەوای جیھاندا دەھێنێت."  

باسی ئەوەشی کردووە، کاتێک دیاردەی لانینا دەگاتە چالاکبوونی کەشوھەوای وڵاتانی خۆمان جۆرێک وشکی و کەمبارانی بەخۆیەوە دەبینێت کە تا ئێستا بۆ ماوەی دوو ساڵە وشکەساڵی و کەمبارانی لەناوچەکانماندا بەردەوامی ھەیە و بەپێ نوێترین گۆرانکاریەکان لانینا بەشێوەیەکی لاواز تا کۆتاییەکانی ئەمساڵی ٢٠٢٢ بەردەوامی دەبێت و لە وەرزی زستانەوە دەچێتەوە نێو قۆناغێکی نوێ لە گەرمبوونەوە و ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە بۆ نۆرماڵ کە ئەمەش گۆرانکاری بەسەر کەشی جیھاندا دەھێنێتەوە و کاریگەری لەبەرژوەندی ناوچەکانی وڵاتانی خۆماندا دەبێت لەڕووی زۆربوونەوەی بارانبارین، بۆیە تا ئێستا گۆرانکاریەکان دڵخۆشکەرن لەبارەی تێکرای وەرزی بارانبارینی ٢٠٢٢ - ٢٠٢٣

.  

ئەو کەشناسە کوردە دەشڵێت، "زەریای ھیندی کە ئەم زەریایەش بە پلەی دووەەم کاریگەری لەسەر کەشوھەوای جیھان دروست دەکات بە گۆرانکاری لە پلەی گەرمی ھەردوو ئاوەکانی رۆژھەڵات و رۆژئاوای زەریاکەدا کە ئەمیش جگە لەھەندێ ساڵ تا رادەیەک کاریگەریەکانی لەگەڵ زەریای ھێمندا ھاویەکن لەسەر کەشی ناوچەکانی خۆمان کە بۆ ماوەی دوو ساڵ زیاترە ئاوەکانی رۆژئاوای ئەم زەریایە ساردە و رۆژھەڵاتەکەشی گەرمە ئەمەش دەبێتە ھۆی کەمبوونەوەی شێ و بارانبارین لەناوچەکانماندا، بەھەمان شێوە پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ئاوەکانی رۆژئاوای ئەم زەریایەش بەساردی بمێنێتەوە و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ دا دۆخەکە بۆ ئاسایی بگۆرێت ئەم گۆرانکاریەش لە بەرژوەندی کەشی ناوچەکەدا دەبێت."  

وتیشی  " وەک لەسەرەوە ڕوونمان کردەوە تا ئێستا ئەوەی ھەیە لەبارەی وەرزی بارانبارینەوە تەنھا لەمانگەکانی وەرزی پایزدا ئەم گۆرانکاریانە لەبەرژوەندی کەشی ناوچەکانمان نابێت وەرزەکانی دواتری بارانبارین دڵخۆشکەر دەبێت و پشت بە خوا بارانی باش دەبارێت، بۆ وەرزی پایزیش کە ھۆکار و فاکتەری دیکەش ھەیە لەسەر کەشی ناوچەکە کە ئێستا ناتوانرێت دیاری بکرێت تا کاتی نزیک لە وەرزەکە بۆیە پشت بە خوا وەرزی پایزیش کەمباران نابێت." 



PM:06:14:09/08/2022