ئاگادارییەكی گرنگ بۆ ئەو كەسانەی خانووی زیادەڕۆییان هەیە


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەو خانووانەی بەشێوەی زیادەڕۆ دروستكراون، كۆتا وادە بۆ تاپۆكردنیان رۆژی 9/9/2022ە و پاش ئەو وادەیە خاوەنەكانیان لەو مافە یاسایییە بێبەش دەبن.   

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش ڕێكەوتی مانگی 31/12/2020  دروستكراون، بەپێی یاسای هەمواركراوی ژمارە 7ی ساڵی 2021 جێگیركراو تاپۆ دەكرێن، هەر خانوویەكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروستكرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە".  

  

دەقی راگەیەنراوەكە:  

  
ئاگادارییەك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە  

  

پاش 9/9/2022 داواكارییەكان وەرناگیرێن  

ئەو خانووانەی بە شێوەی زێدەڕۆ دروست كراون و یاسای زێدەڕۆكار دەیانگرێتەوە، كۆتا وادە بۆ وەرگرتنی داواكارییەكانیان رێكەوتی 9/9/2022ـە و پاش ئەو وادەیە ئیدی لەو مافە یاسایییەیان بێبەش دەبن. وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار داوا لە هاووڵاتییان دەكات بە زووترین كات داواكانیان پێشكەش بە لیژنەی تایبەتمەند لە قەزا و ناحییەكان بكەن، بۆ ئەوەی لەو دەرفەتە سوودمەند بن كە تەنیا مانگێكی ماوە.  

 بە گوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، سەرجەم ئەو خانووانەی بەشێوەی زێدەڕۆ لە پێش ڕێكەوتی مانگی 31/12/2020  دروست كراون، بەپێی یاسای هەمواركراوی ژمارە 7ی ساڵی 2021 جێگیركراو تاپۆ دەكرێن، هەر خانوویەكیش لەپێش ئەو رێككەوتووە بەشێوەی زێدەڕۆ دروست كرابن، رێكارەكانی تاپۆكردن دەیانگرێتەوە.  

  

كەسی زێدەڕۆكار داواكارییەك پێشكەشی یەكە ئیدارییەكەی لە قایمقامییەت و ناحییەكان دەكات و یەكەی ئیدارییش لیژنەیەكی تایبەتی پێك هێناوە بۆ راییكردنی كاروبارەكانی ئەو بابەتی تاپۆكردنە.  

حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە رەچاوكردنی دۆخی ئابووری و بۆ زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان لە پڕۆژە یاساكەدا نرخی زۆر رەمزی بەپێی یاساكە پێشنیار كردووە .  



ڕێنمایی یاسایی:  

ماوەی سێ ساڵە یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەویانەی كە زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لە سنووری شارەوانییەكان ژمار 3ی ساڵی 2019ی هەمواركراو بە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2021 دەرچووە و ماوەی پێشكەشكردنی داواكاری لەلایەن هاووڵاتییان پاڵپشت بە ماددەی 2 لە یاسای سەرەوە، وەك مەرجێك ئاماژە كراوە كە زێدەڕۆكار پێویستە داواكاری پێشكەش بكات. تەنیا پێشكەشكردنی ئەم داواكارییە لە ماوەی دیاریكراودا مافی تەواو بۆ زێدەڕۆكار دەستەبەر دەكات بۆ ئەوەی سوودمەند بێت لە یاساكە. واتە ڕێكارەكانی تری بەناوكردن و ئەو كێشانەی لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكان دێتە پێش، نابێتە ڕێگر لە سوودمەندنەبوونی زێدەڕۆكار لە یاساكە. بۆ ئەوەی هاووڵاتی داواكاری لە ماوای یاسایی پێشكەش بكات و ئەو دەرفەتە بەفیڕۆ نەدات كە دوا دەرفەتە بۆ سوودوەرگرتن لەم یاسایە و دووچاری جێبەجێكردنی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2018 تایبەت بە نەهێشتن و لابردنی زێدەڕۆیی نەبێتەوە، لەسەر لیژنەكانی پێكهاتوو لە پارێزگاكان و یەكە ئیدارییەكانە ئەم داواكارییانە بە شێوەی فەرمی لە هاووڵاتییان وەربگرن وەكوو سەرەتا، پاشان داوای داتا و پێداویستییەكانی بەناوكردن بكرێت.  

  



PM:07:52:09/08/2022