فیدراسیۆنی رێكخراوەكان: پێویستە حکومەت هەنگاوبنێت بۆ چارەسەری ئەو كێشانەی دەبنە هۆكاری خۆپیشاندان


فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی رایدەگەیەنن، رێگە راستەكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا ئەوەیە لەبری سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و پەنا بردنە بەر توندوتیژی، بە كردەوە هەنگاو بنێت بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی كە هاوڵاتیان ناچار دەكات بڕژێنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن.

راگەیاندراوی فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "بە توندی ئیدانەی هەموو ئەو توندوتیژی و پێشێلكارییانەی چەند رۆژی دوایی دەكەین كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی سڤیل و رۆژنامەوانان ئەنجامی داوە".

هەروەها ئاماژەیان بەوەكردووە "پێمانوایە كە رێگە راستەكە لەبەردەم حكومەتی هەرێمدا ئەوەیە لەبری سەركوتكردنی خۆپیشاندەران و پەنا بردنە بەر توندوتیژی، بە كردەوە هەنگاو بنێت بۆ كەمكردنەوە و نەهێشتنی ئەو هۆكارانەی كە هاوڵاتیان ناچار دەكات بڕژێنە سەر شەقامەكان و خۆپیشاندان ئەنجام بدەن".
  
فیدراسیۆن دەڵێت "لە هەرێمی كوردستاندا كاتێك گروپێكی رەسمی كات و شوێن و ئامانجی خۆپیشاندانێكی مەدەنی رادەگەیەنێت، حكومەتی هەرێم لەبری ئەوەی هێزی پۆلیس بنێرێت بۆ پاراستنی خۆپیشاندەران، پێشوەخت هێزی لەناكاو دەنیرێتە سەر رێكخەرانی خۆپیشاندانەكە و بە شەو دەدەن بەسەر ماڵەكانیاندا و دەیانفڕێنن، كار بەوەشەوە ناوەستێت و بە هێزێكی زۆرەوە گەمارۆی شوێنی خۆپیشاندانەكان دەدەن و رەشبگیری دەكەن و رۆژنامەنوسان و كەلوپەلەكانیان دەستگیردەكەن و پێشێلكاری دەگاتە ئەو ئاستە مەترسیدارەی لە ژێر فشاردا پاسۆردی مۆبایلەكانیان لێبسەنن! ژمارەیەك پارێزەر بەبێ فەرمانی دادوەر دەستگیر بكرێت، یاخود دەستگیركردنی كوڕ لەبری باوكی كە ویستویەتی بچێت بۆ خۆپیشاندان".

راگەیەنراوەكە روونیكردۆتەوە "داوا لە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵخانەی وڵاتانی بیانی لە هەرێمی كوردستان و پەرلەمان و ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان دەكەین، بەدواداچوون بۆ ئەو پێشێلكاریانە بكەن و لێپرسینەوە بەرامبەر لەو هێز و لایەنانە بكەن كە بە ئاشكرا دژی سەرەتاییترین مافی هاوڵاتیانن كە ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و داواكردنی مافەكانیانە، ڕێنەدەن لە ژێر هیچ پاساوێكدا ماف و ئازادییەكانی خەڵكی كوردستان پێشێل بكەن".





PM:09:04:09/08/2022