کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم بەبێ نەوەی نوێ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد

‌وێنە.. ئەرشیف
کەمێک پێش ئێستا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بەبێ ئامادەبوونی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لەگەڵ کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان دەستیپێکرد. 

کۆبوونەوەکە بەسەرپەرشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەچێت.

لەو کۆبوونەوەیەدا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان،  سەلاحەدین بەهائەدین ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، عەلی باپیر سەرۆکی کۆمەڵی دادگەری و عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشت بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارن. 

بەپێی ئەوەی ڕاگەیەندراوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم دەبێت، بڕیارە دوای تەواو بوونی کۆبوونەوەکەش زانیاری زیاتر بخرێتەڕوو. 

هەروەها جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەربارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی هەرێم ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێییدا هاتووە" بریار بوو ئەمرۆ چوارشەممە هیمداد شاهین لە بری سەرۆکی جوڵانەوەکە شاسوار عەبدولواحید بەشداری کۆبونەوەی لایەنەکان بکات لە سەرۆکایەتی هەرێم، بەڵام بەهۆی دۆخی ئەم هەفتەیە و زیندانیکردنی سەدان هاوڵاتی و بەشی زۆری ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و چەندین خۆبەخشی جوڵانەوەکە، بریاڕماندا کە بەشداری کۆبونەوەکە نەکەین".

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرباری ئەوەش پێمانوایە هەڵبژاردن رێگایەکی گرنگە بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە و باشترکردنی دۆخی خەڵک، بۆیە بە هەموو شێوەیەک پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەین لە نزیکتریین کاتدا و بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و کۆمسیۆنێکی پاک و بێلایەن، بۆیە جگە لەو خاڵە هیچ وردەکارییەکیتر لای نەوەی نوێ هێندە گرنگ نییە بە قەد ئەنجامدانی هەڵبژاردن و کۆمسیۆنێکی بێلایەن.


AM:11:33:10/08/2022