"رێکخراوی یۆنامی سەردانی زیندانیکراوانی بادینانی کرد"

ئەمڕۆ چوار شەممە، نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان  ئاشکرایکرد، یۆنامی لەگەڵ مانگرتوانی بادینان کۆبووەتەوە و باسیان لە ئازادی بە مەرجی زیندانیکراوان کردووە و بڕیار وایە شاندێکی یۆنامی سەردانی گیراوانی بادینان بکات لەماوەی داهاتوودا.

 

ئەیھان سەعید نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان رایگەیاند، "بەیانی ئەمڕۆ ئۆکستین باهیمۆتا سەرۆکی رۆڵی یاسا لە رێکخراوی یۆنامی سەردانی زیندانیکراوانی بادینانی لە چاکسازی گەورانی هەولێر کرد".

باسی ئەوەشیکرد،  ئۆکستین باهیمۆتا سەرۆکی رۆڵی یاسا لە رێکخراوی یۆنامی لەگەڵ شیروان شێروانی و شڤان سعید وەک نوێنەری مانگرتوانی بادینان کۆبووەتەوە و باسیان لە یاسایبوونی ئازادکردنی بە مەرجی زیندانیکراوان کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای گوێگرتن لە داواکارییەکانی مانگرتوانی بادینان بڕیارە شاندێکی یۆنامی لەگەڵ پارێزەرانی گیراوانی بادینان و داواکاری گشتی کۆببنەوە.

چەند رۆژێک پێش ئێستا مونا یاقوو سەرۆکی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەردانی گیراوانی بادینانی کرد و داوای لێکردردن مانگرتن بشکێنن بەلام ئامادە نەبوون دەستبەرداری مانگرتنەکەیان ببن.

 



PM:05:01:10/08/2022