ڤیدیۆ.. دینا و هۆزان برادەر دوێتەکەیان بڵاوکردەوە

گۆرانیبێژی باشوری کوردستان، دینا دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەکەی لەگەڵ هونەرمەند (هۆزان برادەر) یەکەم دوێتیان بە ناوی (وارێ مە) بڵاوکردەوە.

(وارێ مە) نوێترین کاری هاوبەشی هەردوو هونەرمەند دینا و برادەرە و لە چەناڵ یوتیوب هەڵکەوت زاهیری ئاوازدانەر بڵاوکرایەوە. 

ئەکرەم ئاکرێی هۆنراوەی بۆ ئەم بەرهەمە داناوە و لەلایەن هەڵکەوت زاهیرەوە دەرهێنانی بۆ کراوە، ئایدن ئەرگوزەل کاری ئەرەنجمێنتی بۆ بەئەنجام گەیاندووە.

دینا لە شاری ڕانیە لەدایکبووە و لە شاری هەولێر نیشتەجێیە، لە مانگی تەمووزی (٢٠١٧) دەستی بە کاری هونەری کردووە و یەکێکە لەو خانمە گۆرانیبێژانەی کە هونەرمەند و ئاوازدانەری کوردستان ھەڵکەوت زاھیر، کاری ھونەری بۆ دەکات، کە خاوەنی ئەلبومێک و چەند ڤیدیۆ کلیپێکە. 

ساڵی ٢٠٢١ ئەو هونەرمەندە چووە ژیانی هاوسەریەوە، ڕۆژی ٥ی مانگی ڕابردوو جیابوونەوەی خۆی لە هاوسەرەکەی ڕاگەیاند.

هۆزان برادەر لە ساڵی (١٩٥٨) لە ماردینی باکوری کوردستان لەدایکبووە، ساڵی (١٩٧٦) لە شاری وان بە تۆمەتی وتنی گۆرانی كوردی زیندانی كراوە، دوای (١٢) ساڵ ناچار بوو كوردستان جێبهێڵێت و ڕووی لە وڵاتی هۆڵەندا كرد، جگە لە گۆرانیوتن، شیعر دەنووسێت و لە چەندین فیلمدا وەك ئەكتەر بەشداری كردووە. 


PM:10:18:11/08/2022