"چوار تیرۆریست لە سلێمانى دەستگیرکران"

شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق  بڵاویکردەوە،  "چوار تیرۆریست لە پارێزگاى سلێمانى دەستگیرکراون کە پێشتر داواکراو بوون".

 

دوێنێ ١١ ی ئاب، شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەستگیرکردنى چوار کەسى بە تۆمەتى "تیرۆر" راگەیاند کە لەلایەن هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیى هەواڵگرى و ئاسایشى سلێمانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیى هەواڵگرى و ئاسایشى عێراق بە بەیارمەتی لەگەڵ دەزگاى ئاسایشى سلێمانى ئەنجامدرا.

 

شانەى راگەیاندنى ئەمنیی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاند " ئەو چوار کەسە بەگوێرەى بڕگەى یەکى ماددەى چوارى تیرۆر داواکراو بوون و لەدەست دادگە هەڵاتبوون و لە سنوورى پارێزگای سلێمانی بوون".

 

لە بڕگەى یەکەمى ماددەى چوارى یاساى رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری عێراقدا هاتووە، هەرکەسێک ئەنجامدەری سەرەکى یان هاوبەش بێت لە ئەنجامدانى کردەیەکى تیرۆریستى، سزاکەى لەسێدارەدانە.

 

هەر لەو راگەیێندراوەدا دەستگیرکردنى کەسێکى دیکە لە پارێزگاى سلێمانى بڵاوکراوەتەوە کە بەگوێرەى شانەى راگەیاندنى ئەمنیى عێراق "فێڵى" لە ژمارەیەک کۆمپانیاى ئاڵوگۆڕى دراو لە چەند پارێزگایەک کردووە و نزیکەى ٢٠هەزار دۆلارى ئەمریکى لێبردوون و لەلایەن دادگەى لێکۆڵینەوەى کازمیەى بەغداوە فەرمانى دەستگیرکردنى بەگوێرەى ماددەى ٤٥٩ ى یاسای سزادانى عێراقى هەبووە. ئەو ماددەیە تایبەتە بە پێدانى چەکى بانکى بە کەسێک بەبێ ئەوەى بەهاى هەبێت

AM:11:42:12/08/2022