نووسەری كتێبی ئایەتە شەیتانییەكان بریندار دەكرێت


سەلمان روشدی، نووسەری كتێبی ئایەتە شەیتانییەكان، لە پەیمانگایەكی نیویۆرك لەلایەن كەسێكەوە هێرشیكرایە سەری و بە برینداری گەیەندرایە نەخۆشخانە.

ئاژانسی ئەسۆشیەتد پرێس بڵاویكردەوە، سەلمان رووشدی لە هۆڵێكی پەیمانگای (Chautauqua) لە شاری نیویۆركی ئەمەریكا لەلایەن هێرشبەرێكەوە بریندار كراوە و دواتر رەوانەی نەخۆشخانە كراوە، بەڵام ئاژانسەكە هیچ زانیارییەكی دیكەی سەبارەت بە دۆخی تەندروستی ئەو نووسەرە نەخستووەتەڕوو.

هەروەها پۆلیسی نیویۆرك دەستگیركردنی هێرشبەرەكەی راگەیاند كە  جگە لەو نووسەرە، لە هێرشەكەدا كەسێكی دیكەش برینداربووە.

ئەسۆشیەتد پرێس لە زاری یەكێك لە شایەتحاڵەكانەوە بڵاویكردەوە كە هێرشەكە نزیكەی 20 چركەی خایاندووە بەجۆرێك برینداركراوە كە لە شان و ملیەوە خوێنی لێ رۆیشتووە.

ئایەتە شەیتانییەكان، یەكێكە لە رۆمانەكانی نووسەر و رۆماننووسی ناوداری (هیندی- بەریتانی) سەلمان روشدی تەمەن 75 ساڵ، كە لە 26ـی ئەیلولی 1988 لە لەندەن بڵاوكراوەتەوە و بەهۆی ئەم كتێبەوە موسڵمانان سەلمان روشدی بە سووكایەتیكردن بە ئاینی ئیسلام و قورئانی پیرۆز تۆمەتبار دەكەن.



PM:10:00:12/08/2022