بکوژی باوک و کچەکەی زاخۆ پێشینەی مناڵ رفاندنی هەبووە


پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند تەرمی کچەکە مناڵەکەی فاروقیان دوای ٢٤ کاتژمێر لە دەستگیرکردنی بکوژەکەوە دۆزیوەتەوەو بکوژەکەش پێشینەی مناڵ رفاندن و کوشتنی هەبووە.
  
  رۆژی ٤ ی ئاب ئاوارەیەکی کوردی ئێزدی بە ناوی فارووق میرزا خەلەف، تەمەن ٤٢ ساڵ لەگەڵ کچە بچووکەکەی بەناوی ئاخین لە گوندی حەسەن رەشۆی سەر بە قەزای زاخۆ بێسەروشوێن بوون، دوای چوار رۆژ پۆلیس تەرمی فارووقی دۆزییەوە و شەوی رابردووش تەرمی ئاخین فارووق دۆزرایەوە.  


فارووق میرزا، ئاوارەیەکی كوردی ئێزدی بوو، له ‌ساڵی ٢٠١٤ ەوە له ‌که‌مپی چه‌مشکۆ له ‌زاخۆ ده‌ژیا. رۆژی ٨ ی ئەم مانگە، بەڕێوەبەری پۆلیسی زاخۆ رایگەیاند، لەسەر رووداوی کوشتنی فارووق فەرمانی دەستگیرکردن بۆ سێ کەس دەرچووە.  

بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، وەک لە روونکردنەوەکەی پۆلیسی دھۆکدا ھاتووە بکوژەکە دانی بە تاوانێکی دیکەش ناوە، ئەویش کوشتنی کچەکەی فارووقە.  
  
ئەمشەویش دوای زیاتر لە هەفتەیەك، تەرمی کچە شەش ساڵانەکەی دۆزرایەوە.  

ئەو بکوژە پێشتریش چەند ساڵێک لەسەر رفاندنی دوو کچی مناڵ حکومدراوە بە ٣ ساڵ زیندانی، کە تا ئێستاش تەرمەکان نەدۆزراونەتەوە.



AM:12:06:13/08/2022