پارتی هەڵوێستی فەرمی لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق ڕاگەیاند

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت" لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق". 

مەکتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌" سەبارەت بە بارودۆخ و ئاڵۆزیە سیاسییەکانی ئەم دواییەی عێراق پارتی دیموکراتی کوردستان ناڕەزایی و ناڕەحەتی خۆی لە ھەمبەر بارودۆخ و تەنگژەی سیاسی ئێستای عێراق دەردەبڕێت، رونە کە ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردنی عێراق کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی (٢٠١١) ئەنجامدرا و ئەو دەرھاوێشتە و کێشە و ئاڵۆزی و پێشھاتانەی دوای ھەڵبژاردن بونە تەگەژەیەک لەھەمبەر دامەزراندنی حکومەتی تازەی عێراق لەسەر بناغەیەکی دەستوریی باوەڕپێکراو و لەسەر بنەمای سیستمی سیاسیی ئێستای عێراقدا لەئاکامدا وڵات گەیشتە لێواری باردۆخێکی سیاسیی داخراو".

لە بەشێکی تری بڵاوکراوەکەدا پارتی داوا لە سەرجەم سەرکردە ساسییەکانی سەر گۆڕەپانی عێراق دەکات، کە لە ئاست بەرپرسیارێتی قۆناخی ئێستادابن و داواش لە ھەمو لایەنەکان دەکەن ھەنگاوی جددی و پێویست و بەپەلە بگرنە بەر بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆیەکی بەرھەمدار و سەرکەوتو لەسەر بناغەی پشت بەستن بەبنەماکانی دەستوری عێراق بۆ رزگارکردنی وڵات لەو دۆخە چەقبەستویەی ئێستایدا. 

مەکتەبی سیاسی پارتی ده‌شڵێت" لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆسەی چاکسازی و گۆڕانکاری راستەقینە و باشترکردنی بارودۆخی ئێستای عێراق دەتوانرێت رێککەوتن بکرێت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پێشوەختە دوای ئەوەی ھەمو لایەنەکان رێکبکەون و بەڵێنی ئەوەش بدەن کە بەئەنجامی کۆتای ھەڵبژاردنەکان رازیدەبن وەک خۆی و ئەزمونی ھەڵبژاردنەکانی رابردووی عێراقیش دوبارە نەبێتەوە".


AM:10:38:13/08/2022