ئەنجامی كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی عێراق ئاشكرا كرا



كۆبونەوەی سێ سەرۆكایەتیەكەی عێراق و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆتاییهات و پێنج بڕیاریان دەركرد و داوایان لە رەوتی سەدر كرد، دەست بە گفتوگۆی نیشتمانی بكەن.

نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێرا قلە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە، كۆبونەوەی سەرۆكایەتییەكانی عێراق و سەركردەكانی هێزە سیاسییە‌كان، بۆ تاوتوێكردنی پێشهاتە سیاسییەكانی وڵات، بە ئامادەبونی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق كۆتایی هات.

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بەشداربووانی كۆبونەوەكە رایانگەیاندووە، پەنابردن بۆ دەنگدان لە ڕێگەی هەڵبژاردنی پێشوەختەوە ڕوداوێكی ناوازە نییە لە مێژووی ئەزموونە دیموكراسیەكان، لە بڕیاری كۆبونەوەكەشدا هاتووە، ئامادەبووان پابەندبوونیان بە نەگۆڕە نیشتمانیەكان، دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەموو قەیرانەكان لە رێگەی دیالۆگ و گرتنەبەری گیانی برایەتی و هاوكاری دەربڕی".

راگەیەنراوەكە دەڵێت "بەشداربووانی كۆبونەوەكە داوایان لە سەركردەكانی ناو رەوتی سەدر كرد دەست بە گفتوگۆی نیشتمانی بكەن بۆ دیاریكردنی میكانیزم و چارەسەرێكی هەمەلایەنە بەمەبەستی خزمەتكردن بە هیوا و خواستەكانی گەلی عێراق".

هەروەها "جەختیان لەسەر پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ ئارامەكان دوور لە وروژاندن كردەوە كە ناكۆكی دروست دەكات، بانگەوازیان لە میدیا و كەسایەتیەكان كرد، پشتگیری لە هەنگاوی دیالۆگی نیشتمانی و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكەن".






PM:10:17:17/08/2022