لێدوانی نوێی وەزیری گواستنەوە سەبارەت بە قەدەغەكردنی ماڵپەڕە سێكسییەكان


وەزیری گواستنەوە و گەیاندنی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، هاووڵاتیان سەرپشكن لەوەی ماڵپەڕە سێكسییەكان و هەندێك ماڵپەڕی دیكە لە ماڵەكانیاندا قەدەغە و سانسۆر دەكەن یاخود نا، چونكە سانسۆركردنەكە بە زۆر نییە بۆ هەموو كەسێك.  

ئانۆ جەوهەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن ئەمڕۆ رایگەیاندووە "ماوەی ساڵێكە داوامان لە سەرجەم كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت كردووە كە (پاكێجی خێزانی) پێشكەش بكەن، ئەوەش بۆ پاراستنی خێزانەكان و ئەوانەی مێردمندال و تازەپێگەشتوویان هەیە، بۆ سانسۆر دانان لەسەر هەر بابەتێك كە دوورە لە كۆمەڵگەی كوردی."   

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە "لەو چوارچێوەیەدا دوێنێ چوارشەممە ئەو فەرمانە لە وەزارەتی گواستنەوە دەرچوو كە چەند بابەتێك لەو پاكێجەدا سانسۆر دەكرێن، وەك ئەو شتانەی دژن بە ئاینەكانی هەرێم و پێغەمبەران، بابەتی قومار و دراوی ئەلكترۆنی، ماڵپەڕە سێكسییەكان، مادەی هۆشبەر و خواردنەوەی كحولی و جگەرە و چەك، هەروەها ئەو گوتارانەی كە دژی كۆمەڵگەی كوردی بن."   

هەروەها دەڵێت "لە دوێنێوە ڕەخنە لە ئێمە دەگیرێت لەسەر ئەوەی ئەو سانسۆر دانانە دژی ئازادی تاكەكەسییە، بەڵام ئەو پاكێجە نەسەپێندراوە، بەڵكو كۆمپانیاكانی ئینتەرنێت دابینی دەكەن و لە بازاڕدا هەن بەبێ ئەوەی یەك  دینار نرخەكەی زیاد بكرێت، هاووڵاتیان سەرپشكن لەوەی ئەو پاكێجە بەكاردەهێنن یاخود نا."   

ئانۆ جەوهەر وتویەتی "بابەتەكە دەكەوێتەسەر هاووڵاتیان خۆیان، هەر دایك و باوكێك دەیەوێت منداڵەكەی سەیری ڕیكلامی جگەر و كحول و بابەتی قومار و ماڵپەڕە سێكسییەكان نەكات، ئەوا ئەو پاكێجە بەكاربهێنێت، بەپێچەوانەشەوە ئازادە لەوەی بەكارینەهێنێت و بەشێوەی ئێستا بەردەوام بێت."   

  



PM:02:54:18/08/2022