زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەڵێت "كاتێك لە ٢٠١٣ قوباد تاڵەبانی بووە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئیتر لەو كاتەوە ڕۆژی رەشی سلێمانی دەستپێكرد"، پورێكی قوباد تاڵەبانیش وەڵامی دەداتەوە و بە "نمەك حەرام" ناوی دەبات.
زانا عەبدولڕەحمان، پەرلەمانتاری پێشووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە پەیجی خۆی رەخنەی توندی لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم گرتووە و نوسیویەتی "كاتێك لە ٢٠١٣ قوباد تاڵەبانی بووە جێگری سەرۆكی حكومەت، ئیتر لەو كاتەوە ڕۆژی رەشی سلێمانی دەستپێكرد، ئیتر گروپی مافیایی ئاشكرا بەناوی راوێژكار و نوسینگە دروستبوون، شەراكەت لەگەڵ بازرگان و سەرمایەدارەكان بووە شتێكی ئاسایی".
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "لەساڵی ٢٠١٣ سەرمایەدار و كۆمپانیاكان ڕۆڵی سەركی ئەبیین لە دانانی سەرۆكی شارەوانی و تاپۆ و وەبەرهێنان، تەنانەت بڕیاری هێرۆخان بۆ پاراستنی خانوە كۆنەكانی سلێمانی و شاخی گۆێژە ژێرپێ خرا هەموو درایە بازرگانی چاوچنۆك".
هەروەها وتویەتی "مووچە و ژیانی خەڵك خراپ بوو، سلێمانی بەتەواوی خست و هەموو سیماكانی پێشكەوتنی راگرت و تەسلیمی كۆمپانیا هاوبەشەكانی كرد، ئێستاش هەر بەردەوامە هیچ ویژدان و یاسایەك ڕایناگرێت".
لە بەرامبەریشدا لیلۆز ئیبراهیم ئەحمەد، پوری قوباد تاڵەبانی لە فەیسبووكی خۆی وەڵامی توندی زانا عەبدولڕەحمانی داوەتەوە و نووسیویەتی "وەڵامێك بۆ نەزانیكی بێوەفا و نمەك حەرام، مرۆڤ ناتوانێت هەمیشە پاڵەوان بێت، بەڵام مرۆڤ دەتوانێت هەمیشە پیاو بێت....!".