لە بارەی بەرزەپردی بەختیاری تەکیەی کەسنەزانیی روونکردنەوەیەک بڵاودەکاتەوە

تەکیەى کەسنەزانیی، لەبارەی رێگریکردنیان لە دروستکردنی بەرزە پردێک لەسەر رێگای بەختیاری و نزیک تەکیەکەیان، رایانگەیاند "هیچ رێگریەک ناکرێت و پرۆژەی پردەکە وەک خۆی جێبەچێدەکرێت"٠

 

تەکییەی کەسنەزانی لە ڕوونکردنەوەیەکەدا، دەڵێت "پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن موڵک و زەوى تەکیەی کەسنەزانیی نە پاداشتە و نە خەڵاتە و نەدیارییە، وە نە بە تاڵانیی و داگیرکاریی و ستەم و نایاسایی بەدەستهێنراوە".

 

هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، ئەو زەویەی تەکیەکەی تیایە بە رێگایەکی یاسایی و شەرعی کڕراوە لە خاوەنی شەرعیی و یاسایی خۆى، ئەویش بەپێی رێکەوتنی کڕین و فرۆشتن.

دەقی ڕوونکردنەوەکە بەم شێوەیەی لای خوارەوەیە:

 

تەکیەى کەسنەزانیی

 

ئەو ڕاستیەى پێویستە هەمووان بیزانن

 

ڕاستیەک هەیە سەبارت بە ئەو موڵکەى سەرۆکایەتى تەریقەتى کەسنەزانى لەسەرى دروستکراوە، پێویستە هەمووان بیزانن، دڵسۆزانمان بۆ ئەوەى چۆنیەتیەکەى ئاشنابن و، خەڵکانى دیکەش بۆ ئەوەى ئەوەندە واتە وات نەڵێنەوە.

 

پێویستە هەموو لایەک ئەوە بزانن موڵک و زەوى تەکیەی کەسنەزانیی نە پاداشتە و نە خەڵاتە و نەدیارییە، وە نە بە تاڵانیی و داگیرکاریی و ستەم و نایاسایی بەدەستهێنراوە.

 

ڕاستیەکەى ئەوەیە بە ریگایەکی یاسایی و شەرعی کڕراوە لە خاوەنی شەرعیی و یاسایی خۆى، ئەویش بەپیی رێکەوتنی کڕین و فرۆشتن.

 

مەبەستم لەو قسەیەم کە دەڵێم دیاری بێت یان خەڵات، زۆر کەس ڕمڵ بۆ خۆیان لێ دەدەن و چەندین جۆر سیناریۆی بێ بنەما دەدەنە پاڵ ئەو بابەتە.

 

بۆ نموونە کەسانێکی دڵ رەش و چاوچنوک دەڵین ئەم پارچە زەویە لە لایەن سەروک مام جەلالەوە بەدیاری و خەڵات پێشکەش کراوە!

ئەگەر وابوایە بێگومان نەدەشاررایەوە و بگرە جێگەی شانازیی دەبوو، بە ئاشکرا و بێ پێچ و پەنا باسمان دەکرد، چونکە ئەو پەیوەندییە مێژووییەی لە نیوان هەڤاڵ مام جەلال و ئەم بنەماڵەیەدا بووە و، پاشتریش هەر هەیە، هێندە گەورە و پتەوە کە ئەمە شتیکی رەمزییەو  شتێکی واناکات لە بەرانبەر ئەو مەزنییە مێژووییەدا.

 

بەڵام بۆ بەرچاو ڕوونی خەڵک و، بۆ ئەوەى ڕاستیەکان دیاربێت بۆ هەمووان و، ئەوەندە نەیڵێنەوە و، ناحەزان ئەونە نەیجاونەوە، ڕوونی دەکەومەوە بۆ هەموو لایەک کە:

 

ئەم زەوییە کاتی خۆی لە ـ خوا لێی خۆشبوو ـ فەرەیدونی قادری حاجی کڕاوە، بە بڕی پارەی (350$) سێ سەدو پەنجا هەزار دۆلار، کە بەسێ جار ئەو پارەیەى پێ دراوە، هەتا جاری کۆتایی کومپیالەی وەرگرتووە تاکو تۆمار کراوە لە تاپۆ و، نوسینگەی سیرەمێرگ، کاک تاهیر سیرەمێرگی لە نێواندا بووەو، کاک جەزایش وەکیلی کاک فەرەیدون بووە، پارەکە کاک شیخ سامان شیخ مارف بەرزنجی بەدستی داویەتی بە کاک فەرەیدون.

 

 خاڵێکى دیکەى جێگەى باس لێرەدا دەمەوێ باسی بکەم:

 

ئەو دەنگۆى سەبارەت بە ڕێگری لە پرۆژەی ئەندەرپاس ئەمڕۆ وروژا، بێگومان هیچ رێگریەک ناکریت و وەکو خۆی ئەو پرۆژە جێ بەجێ دەکرێت، بۆ زانیاری هەموولایەکیش، لەوەو پێشیش کە ڕێگاکە فراوان کراوە، سێ مەتر لە ڕێگای سەرەکی کەوتۆتە ناو زەوى تەکیەوە و، لای بەکرەجۆیشەوە ڕێگاکە چوار مەتری دیکەى بردوە و، کەسیش ڕێگری نەکردوە و، بەبێ هیچ قەرەبویەکیش ئەو زەویانە بەخشراوە بۆ خزمەتى بەرژەوەندی گشتى.

 

لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوەش بە خوێنەرى بەڕێز و دڵسۆزان و هەموو لایەک بڵێم:

 

تەریقەت و تەکیەی کەسنەزانی هەر لە دروست بونیەوە لە سەر دەستی شای کەسنەزان تاکو ئیستاش خاوەنی سەروەت و سامان نەبووە لە ئاستی هەژاران و لی قەوماوان و بێ نەوایاندا و، لە کاتی گرانی و قاتوقڕیی و جەنگی جیهانی یەکەم و، دووهەم و لیکەوتەکانی بێ دەرەتانی و نەبوونیدا، ئەم تەریقەتە و مەشایەخەکانى هەمیشە سەردەستە بوون بۆ دابین کردنی خواردن و پێویستیی و جیگای حەوانەوە بۆ هەژاران و بێ نەوایان.



AM:11:56:19/08/2022