پێگەکانی داعش لە چیای حەمرین لەلایەن سوپای عێراقەوە بۆردومان دەکرێن

ئەمڕۆ شەممە، ٢٠ ی ئاب، فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق پێگه‌كانی داعشیان له‌ چیای حەمرین بۆردومان کرد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد‌، حەشارگەکانی چەکدارانی داعش، لە ئەشکەوتەکانی زنجیرە چیای حەمرین لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هێزی ئاسمانی عێراق بۆردومان كران، ھێرشە ئاسمانییەكە بۆ پشتیوانی هێزی پیادەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی دیالە بووە و ئۆپەراسیۆنەکە بە ئامانجی راوەدوونانی پاشماوەکانی داعش لە زنجیرە چیاکانی حەمرین، بەردەوام دەبێت.

چەکدارانی داعش لە ناوچە کوردستانییەکان و چەندین ناوچەی عێراق بەردەوامن لە پەلامار و کردەوە تیرۆرستییەکان، لە زۆربەی کۆبوونەوە و گفتوگۆکانیشدا وەزارەتی پێشمەرگە داوا لە وەزارەتی بەرگری عێراق کردووە، رێککەوتن و هەماهەنگی زیاتر لەنێوانیان هەبێت بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکان، کە بووەتە هۆی مانەوەی داعش لەو ناوچانە، ئەمەش سەرەڕای بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی هێزەکانی عێراق دێت.



PM:02:45:20/08/2022