بافڵ تاڵەبانی بۆ هێزە ئەمنییەكان: چاوپۆشی لەو كەسانە مەكەن كە لە زەوی و زاردا یاسا پێشێل دەكەن


بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی رایدەگەیەنێت "لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زار و موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت". 

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی بافڵ باڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئەمڕۆ ناوبراو لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی كۆبۆتەوە و ‏‎لەكۆبوونەوەكەدا "ھەنگاوەكانی چەسپاندنی یاسا، جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشێلكارانی یاسا و ھەموو ئەو كەسانەی كاری نایاسایی ئەنجام دەدەن و موڵك و زەوی و زاری گشتییان داگیركردووە گفتوگۆیان لەبارەوە كرا و دوایین پێشھاتە ئەمنییەكان و جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنییان تێدایە تاوتوێكرا".
‏‎
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "بافڵ تاڵەبانی لە كۆبوونەوەكەدا باسی هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی یاسا و رووبەڕووبوونەوەی یاساشكێنانی كرد و وتی، لەبەرامبەر ئەو كەسانەی یاسا پێشێل دەكەن و دەست بۆ زەوی و زار و موڵكی گشتی دەبەن، سڵ نەكەنەوە و چاوپۆشی لە هیچ كەسێك مەكەن لە هەر پلە و پۆستێكدا بێت. هیچ كەسێك مافی بەكارهێنانی پۆست و ناونیشانی خۆی نییە بۆ شكاندنی یاسا. لە چەند رۆژی رابردووشدا بە دەستگیركردنی یاساشكێنان جارێكی تر سەلماندتان كەس لەسەروو یاساوە نییە، بۆ ئەمەش سوپاس و پێزانینتان ئاڕاستە دەكەم".

‏‎



PM:07:37:21/08/2022