میدیاکانی پەکەکە:لە خەلیفان ٢ شەهیدو ٣ گەریلای تر لەلایەن پارتیەوە بە دیل گیراون"


میدیاکانی نزیک پارتی کرێکارانی کوردستان بڵاویانکردەوە،" لەرووداوەکەی ناوچەی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران ٢ شەهید و ٣ گەریلای تر کەوتوونەتە دەست پارتی".

ئەو میدیایانە دەڵێن " لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیی و زەمینییە هاوبەشەکەی سوپای تورک و چەکدارانی پەدەکەدا لە خەلیفان، کە دژی گروپێکی پێنج کەسیی گەریلاکانی ئازادیی کوردستان، دوو گەریلا شەهیدبوون و سێ گەریلاش بە برینداریی لەلایەن پەدەکەوە بەدیل گیراون".

رۆژنیوز میدیای نزیک پەکەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە رووداوەکە شەو ٥ ی ئەیلول بووە لە نێوان کاتژمێر ٠٧:٣٠ بۆ ٠٨:٠٠ی شەوبووەو وەک ئەو میدیانە دەڵێن" فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر بۆردوومانی گروپێک گەریلای کردووە لە سنووری شارەدێی خەلیفان لە ئیدارەی سۆران، لەکاتێدا ویستوویانە لە ناوچەیەکەوە بچنە ناوچەیەکی دیکەی هەرێمەکانی گەریلا".

باس لەوەش دەکەن کە چەکدارانی پەدەکە لە ناوچەکە زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی ئەو گروپە گەریلایەوە داوەتە سوپای تورک و ئەوانیش لە ئاسمانەوە بۆردوومانیان کردوون.
دەربارەی دەستگیرکردنی سی گەریلا، ئەو میدیایانە باس لەوە دەکەن کە سێ گەریلا لە هێرشە ئاسمانییەکە ڕزگاریان بووە و دواتر لەلایەن چەکدارانی پەدەکەوە گەمارۆدراون و هەوڵیانداوە بەدیل بیانگرن، بەڵام گەریلاکان ڕووبەڕووی چەکدارانی پەدەکە بوونەتەوە و لە ئەنجامدا بە برینداریی کەوتوونەتە دەست چەکدارانی پەدەکە.

میدیای نزیک پەکەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە بە پێچەوانەی میدیاکانی پارتیەوە، هیچ ئۆتۆمبێلێک لە ناوچەکە نەبووەو،   گەریلاکان پیادەبوون.



AM:01:38:06/09/2022