سەبارەت بە "كەموكورتی و خراپ"ی خۆراكی بایەعی، روونكردنەوە دەدرێت


بەڕێوەبەری خۆراكی سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو ماددە خۆراكییانەی دابەشی دەكەن هیچ كێشەیەكیان تێدا نییە و بە بریكارەكانیشیان وتووە، ئەگەر ماددەكان كەموكورتییان تێدا بوو ئاگاداریان بكەنەوە.

شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری دابەشكردنی خۆراكی سلێمانی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "لە سنوری پارێزگای سلێمانی دوو ملیۆن و 50 هەزار كەس مانگانە بەشە خۆراك وەردەگرێت و سێ هەزار و 450 بریكاری خۆراكمان هەیە، مانگانە 14 هەزار و 500 تاوەكو 15 هەزار تەن خۆراك دێت".

ناوبراو روونیكردەوە "ماددە خۆراكیشەكانیش شەش تاوەكو حەوت ماددەیە كە بریتین لە سێ كیلۆگرام برنج، یەك كیلۆ شەكر، لیترێك زەیت، 500 گرام فاسلۆلیا، 500 گرام لەتكە نۆك و 500 گرام نیسك و 400 گرام دۆشاوی تەماتە".

هەروەها دەڵێت "هەموو هاوڵاتییەك مانگانە بڕی حەوت كیلۆگرام وەردەگرێت و هەموو مانگێك هەر خۆراكێك لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بۆ هاوڵاتیان دابین بكرێت دەگاتە بەڕێوەبەرایەتیەكەمان و دابەش دەكرێت، پەیوەندیەكی توندوتۆڵمان لەگەڵ بریكارەكانی خۆراك هەیە و پێمانوتون هەر كاتێك كەموكوڕتیتان هەبوو ئاگادارمان بكەنەوە".


شەوكەوت محەمەد وتی "ئەگەر هەر ماددەیەكی خۆراكی خراپ بێت ئەوا ئەوا ئامادەین بۆ گۆڕینی یان دابەش نەكردنی، بەهیچ شێوەیەك ماددەی نەشیاو دابەش ناكرێت، بەشە خۆراكی ئەمساڵیش تا ئێستا شەش بەش دابەشكراوە، كۆی گشتی خۆراكی دابەشكراو بە نزیكەیی 75 هەزار تەن بوە لەمساڵدا".




PM:04:30:22/09/2022