كۆمەڵی دادگەری بۆ دۆسیەی ژینا: بێ سەرپۆشیی گوناهە، بەڵام تاوانێك نیە كە مرۆڤ لەسەری بگیرێت یان بكوژرێت



كۆمەڵی دادگەری كوردستان بۆ دۆسیەی كوشتنی ژینا ئەمینی، كچە كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنێت "دیارە بێ سەرپۆشیی گوناهە لە ئیسلامدا، بەڵام تاوانێك نیە كە مرۆڤ لەسەری بگیرێت یان بكوژرێت".

ئەمڕۆ سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی بە سەرۆكایەتی عەلی باپیر، سەرۆكی ئەم حیزبە كۆبوونەوە و بەپێی راگەیەنراوی ئەو حیزبە، باس لە دۆخی عێراق و كوردستان و یاسای توندوتیژی خێزانی و دۆسیەی كوشتنی ژینا ئەمینی كراوە. 

لە بڕگەی تایبەت بە ژینا ئەمینی، كۆمەڵی دادگەریی رایگەیاندووە "تایبەت بە ڕووداوەكانی ئەم دواییەی ئێران بەهۆی گیان لەدەستدانی خاتوو ژینای سەقزیی دەستی پێكردوە، لە چەند شارو شارۆچكەیەك ناڕەزایی هاوڵاتییانی لێكەوتەوەو لەسەر ئەو ڕووداوە، پێویست دەكات بەرپرسانی دەوڵەتی ئێران لە زووترین كاتدا دۆسییەی هۆكاری گیان لەدەستدانی ئەو خاتوونە بەڕوونیی‌و ڕاشكاویی بخەنە بەردەست گەلانی ئێران‌و دەستەبەردكرنی مافی مرۆڤ‌و ئازادییەكان ئەركی سەرشانی هەر دەوڵەتێكە".  

هەروەها دەڵێن "دیارە بێ سەرپۆشیی گوناهە لە ئیسلامدا، بەڵام تاوانێك نیە كە مرۆڤ لەسەری بگیرێت یان بكوژرێت، بەڵام ناكرێت ئەو ڕووداوە بكرێتە هۆكاری سووكایەتیی بە پیرۆزییەكانی ئیسلام‌و مسوڵمانان، داواكارین هەموولایەك بە هەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە لەگەڵ ڕووداوەكان هەڵسوكەوت بكەن".



PM:05:17:24/09/2022