"خەرجنەكردنی چەكی بانك، تەندروستی گەرمیان رادەگرێت"


بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان رایدەگەیەنێت، بەهۆی خەرج نەكردنی چەكی بانك بۆیان، خەریكە خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان بە تەواوەتی رادەگیرێت.

د. سیروان محەمەد، بەڕێوبەری گشتی تەندروستی گەرمیان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بە بڕی ١ ملیار و ٨٥٨ ملیۆن و ٧٤هەزار و ٩٠٠ دینار، چەكی خەرج نەكراویان هەیە كە لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشكی و تاقیگەیی و كرێی كۆمپانیاكان و سوتەمەنی و خەرجی رۆژانە و هی دیكەن.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشكرد "بەم هۆیەوە بەشێك لە خزمەتگوزارییەكان پەكیان كەوتوە و چیتر ناتوانین بەردەوامیان پێ بدەین، بەشێكی تریشیان ئەگەر دۆخەكە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ئەوانیش دەوەستن و رادەگیرێن".

د.سیروان دەڵێت "لە رووی دابینكردنی گوژمەی دارایی "تخصیصات المالیە" كێشەمان نیە و هەموو رێكارە فەرمیەكان لەلایەن وەزارەتەكانی تەندروستی و دارایی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە بەڕێكراون، بەڵام كێشەكە لە نەبوونی نەختینەیە لە بانك كە هەر جارێك دەچین بۆ خەرجكردنی چەكی شایستە داراییەكان پارەی پێویست لە بانكدا بەردەست نییە".





PM:12:44:25/09/2022