خاوەنی گۆرانی (یا بوردین) کۆچی دوایی کرد (وێنە)

زیاب مەشهور هونەرمەندی ناسراوی سوری و خاوەنی گۆرانی (یا بوردین)، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی (٧٦) ساڵیدا کۆچی دوایی کردووە.

ئاژانسى هەواڵی (سانا)ى سورى رایگه‌یاند" زیاب مەشهور هونەرمەندی بە توانای سوریا، دوێنێ شەممە ٢٤ی ئەیلولی ٢٠٢٢ لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی دیمەشق، بەهۆی نەخۆشی جەڵتەی مێشک لە تەمەنی (٧٦) ساڵیدا گیانی لەدەستدا". 

زیاب لە ١٥ی شوباتی ١٩٤٦ لە پارێزگای دێرەزووری سوریا لەدایکبووە، لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو لەگەڵ هونەرمەندی ناسراو (دورەید لاهام) بەشداری لە ژمارەیەک بەرهەمی تەلەفزیۆنی سوریدا کردووە و ناوبانگی دەرکردووە، لەوانە (سەح النوم، خوێ و شەکر). 

زیاب مەشهور بە یەکێک لە گۆرانیبێژەکانی نەوەی زێڕینی سوری دادەنرێت، کە کاریگەرییەکی ڕوونی لەسەر ڕەوتی گۆرانی عەرەبی بەجێهێشتووە. 

مەشهور لەگەڵ ئاوازدانەرە سەرەکییەکانی سوریا وەک (زەکی محەمەد، سوهەیل عەرەفا، عەبدول فەتاح سوکار و ئەمین خەیات) چەندین گۆرانی بەناوبانگی تۆمارکردووە، لەوانە (یابوردین، ئەلمایا، یامنیم خانم). 

ناوبراو لە ساڵی (٢٠٠٤) وازی لە گۆرانی وتن هێنا، لە (٢٠١٩) لە ئاهەنگێکدا لە دیمەشق رێزلێنانی پێبەخشراوە.


PM:05:05:25/09/2022