تۆپخانەکانی ئێران جارێکی دیکە سنوری سیدەکانی بۆردومان کرد

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٦ی ئەیلولی ٢٠٢٢ تۆپخانەکانی ئێران جارێکی دیکە بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی شاره‌دێی سیده‌كانی کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تۆپخانەکانی ئێران چیاکانی (بەربزین، سەقەر و کوێستانی هۆڕنێ-یان)  لە سنوری ناحیەی سیدەکان سەر بە پارێزگای هەولێر تۆپباران کرد.

هەر بەپێی زانیارییەکان، تۆپبارانی ئێران بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی دەڤەری برادۆست لە سنووری ناحیەی سیدەکان، بەشێوەی پچڕپجڕ و هەندێکجاریش بە چڕی بەردەوامە، كە ئامانج لێی لێدانە لە بنكە و بارەگاكانی حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان، بەڵام تا ئێستا لەبارەی زیانە گیانی و مادییەكانی بۆردوومانەكەوە زانیاری ورد ئاشکرا نەکراوە. 

سیدەکان شارۆچکەیەکی سەر بە قەزای سۆرانە و دەکەوێتە دووری (١٤٤) کیلۆمەتری بەشی باکووری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر. 


AM:10:28:26/09/2022