یەكەم لێدوانی حەلبوسی سەبارەت بە دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكی پەرلەمانی عێراق


محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، دەستلەكاركێشانەوەی لە سەرۆكایەتی پەرلەمان نابێتە هۆی دروستبوونی كێشە بۆ كۆبوونەوەكان.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لەچاوپێكەوتنێكدا رایگەیاندووە "كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجام بدرێت، بڕیاربوو پێش چلەی ماتەمینی ئیمام حسێن بێت، بەڵام لەسەر پێشنیازی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران كۆبونەوەكانی پەرلەمان دواخران، لەبەرئەوەی مەترسی هەبوو كە دۆخێكی لەناكاو بێتە ئاراوە".

حەلبوسی روونیكردۆتەوە "لەگەڵ هیچ كەسێك بۆچون و بیروڕام لەبارەی دەستلەكاركێشانەوەكەم ئاڵوگۆڕ نەكردوە، وازهێنانیشم لەسەرۆكایەتی پەرلەمان دەكەوێتە سەر بۆچونی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، ئەگەر دەستلەكاركێشانەوەكەم پەسەندكرا، مافی ئەندامانی پەرلەمانی نوێیە سەرۆكێكی نوێ هەڵبژێرن، بونی خۆم ناسەپێنم لەگەڵ هاوبەشە سیاسیەكانم لەپەرلەمان".

هەروەها وتویەتی "گفتوگۆم لەگەڵ هاوپەیمانی سیادەم نەكردوە پێشتر كە دەستلەكاردەكێشمەوە، وازهێنانیشم نابێتە هۆی گرفت بۆ كۆبونەوەی چوارشەممەی پەرلەمانی عێراق".






PM:06:41:26/09/2022