بەرپرسێكی پارتی مەرجێكی خۆیان بۆ چۆنیەتی بەشداریكردن لە حكومەتی عێراق ئاشكرا دەكات


سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "هەر هاوپەیمانی و رێككەوتنێك لە خزمەتی گەلی كوردستاندا بێت، ئێمە تێیدا بەشداری دەكەین".

ڤیان سەبڕی، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە كوردستان 24ی نزیك لە حیزبەكەی راگەیاندووە "لە كاراكردنەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار و پێكهێنانی حكومەتی عێراقدا، پارتی دیموكراتی كوردستان بەپێی شایستە دەستوورییەكانی خۆی بەشداری دەكات".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "دوای رێككەوتن لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر بنەمای لێكتێگەیشتن دەبێت، لەبارەی پرسە سیاسییە گشتییەكانی عێراق و مافەكانی هەرێمی كوردستان، وەك پرسی بودجە، پێشمەرگە و كەركووك و ناوچە دابڕێندراوەكان و جێبەجێكردنی دەستوور".

بڕیارە رۆژی چوارشەممە پەرلەمانی عێراق كۆببێتەوە و خاڵێكی بەرنامەی كاریش پێشكەشكردنی دەستلەكاكێشانەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە.



PM:09:23:26/09/2022