عه‌مار حه‌كیم له‌باره‌ى دەستلەکارکێشانەوەی حه‌لبوسی هەڵوێستی ڕاگەیاند

سەرۆکی‌ رەوتی‌ حیکمە رایدەگەیەنێت" بەشێکی‌ زۆری‌ پەرلەمانتاران لەگەڵ دەستلەکارکێشانەوەی‌ محەمەد حەلبوسی‌ نین و پێناچێت ئەو پرسە بخرێتە دەنگدانەوە". 

ئەمڕۆ سێشەممە عه‌ممار حه‌كیم، سه‌رۆكی ره‌وتی حیكمه‌ی نیشتمانی له‌ میانی به‌شداریكردنی له‌ كۆڕبه‌ندی رافیده‌ین ڕایگەیاند" محەمەد حەلبوسی کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرە، بەشێکی زۆری په‌رله‌مانتاران دەیانەوێت دەستلەکارکێشانەوەکە بکشێنێنەوە، پێموایە پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەی دەنگى لەسەر نادرێت".

حەکیم لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا هیواشی خواست، کە حەلبوسی دەستلەکارکێشانەوەی بکشێنێتەوە" ئەگەر سوور بێت لەسەر پێشکەشکردنی، پێموایە  پەرلەمانتارەکان دەنگ بە قبوڵکردنی نادەن".  

دوێنێ دووشەممە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند" بڕیاری پێشکەشکردنی دەستلەکارکێشانەوەکەى بە تەنها لەلایەن خۆیەوە دراوە و لەگەڵ کەسیشدا گفتوگۆی لەسەر نەکردوە". 

بڕیاره‌ سبه‌ینێ چوارشه‌ممه‌ پەرلەمانی عیراق كۆببێته‌وه‌، تیایدا حه‌لبوسی ده‌ستله‌كار بكێشێته‌وه‌.


PM:02:04:27/09/2022