هانی وەبەرهێنەرانی ئوردن دەدرێت لە كوردستان پڕۆژە بكەن


شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنەران و بازرگانانی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەشداریكردن لە كۆڕبەندی ئابووری لە ئوردن، سەردانی ئەو وڵاتەیان كردووە و داوا لە وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە دەكەن وەبەرهێنان لە كوردستان بكەن.

محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێك لە كۆڕبەندی ئوردن رایگەیاند، دەرفەتی باش بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان هەیە و یاسای وەبەرهێنانیش ئاسانكاری بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی دەكات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد، دۆخی سەقامگیری سیاسی و ئابووری لە هەرێمی كوردستان و بوونی چەندین دەرامەتی سروشتی ژێرزەوی و سەرزەوی، ئاسانكاریكردن لەرێگەی یاسای وەبەرهێنان و هێنانەدی دادپەروەری لەنێوان وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانی، كەشێكی گونجاوی بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان فەراهەمكردووە.

شوكری وتی "داوا لە وەبەرهێنەرانی ئوردن دەكەین لە بوارەكانی پەیوەست بە ژێرخانی ئابووری، پیشەسازی، كشتوكاڵ و گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان، پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدەن و پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیشیان بۆ دووپات دەكەینەوە".



PM:08:04:01/10/2022